لەهێرشێکی چەتەکانی داعش ١٤سەربازی سوپای عێراق بوونە قوربانی

لە شەڕو پێکدادانی نێوان سوپای عێراق و چەتەکانی داعش، پێنج سەربازی عێراقی کوژران و نۆ سەربازی دیکەش بریندار بوون وبرینێکی بەشێکیان سەختە.


دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سنوری شارەدێی قەرەتەپە سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە، لە شەڕێکی ڕووبەڕووی سوپای عێراق و چەتەکانی داعش ۱٤ سەربازی عێراقی بوونە قوربانی .

بەپێی ئەو زانیارییانەی، محەمەد حاجی عومەر بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕۆژنیوزی داوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی سوپای عێراق لە نزیک دەریاچەی حەمرین بارەگای ژمارەیەک چەتەی داعشی کردوەتە ئامانج و بۆردوومانی کردوون.

محەمەد حاجی وتیشی: هێزێکی سوپای عێراق لەشارەدێی قەرەتەپەوە بەڕێکەوتوون بۆ شوێنی بۆردومانی فڕۆکەکە بۆ زانینی زیانەکانی بۆردوومانەکە، لەگەڵ گەیشتنیاندا،دەکەونە بۆسەی چەتەکانی داعشەوە وشەڕی سەخت لەنێواندا ڕوودەدات و هەر زووهێزەکەی سوپای عێراق ناوچەکە جێدەهێڵن.

بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا بریندارەکان لە نەخۆشخانەی قەرەتەپەن و ئەوانەشی برینیان سەختە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دیالە کراون.

 ب.ش