لە ئیتاڵیا مردن بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

مردن بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا ژمارەیی پێوانەیی تۆمار کردو بە تەنها ئەمڕۆ نزیکەی ٨٠٠ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستدا.


بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس لە وڵاتی ئیتاڵیا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٧٩٣ کەس لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە و شەش هەزارو ٦٦٧ کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

هەر بەپێی ئامارەکە تا ئێستا ٥٣ هەزارو ٥٧٨ کەس لە ئیتاڵیا دووچاری کۆرۆنا ڤایرۆس بوون، لەو ڕێژەیەش چوار هەزار و ٨٢٥ کەس گیانیانلەدەستداوەو شەش هەزاریش چاک بوونەتەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەزار و ٣٩٥ کەس بە کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان گیانیانلەدەستداوە و ٢١ هەزارو ٩٠٨ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لە دوای ئیتاڵیا کە پشکی شێری لەو ئامارەدا بەرکەوتووە، وڵاتی ئیسپانیا لە ڕیزبەندی دووەمدا هاتووەو ٢٨٥ کەس تیایدا گیانیانلەدەستداوە، لەدوای ئەویش وڵاتی ئێران دێت کە بە ١٢٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان ڕیزبەندی سێیەمی وەرگرتووەو وڵاتانی دیکەش بە ڕێژەی کەمتر مردن تیایاندا تۆمار کراوە.

بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ، ٢٩٧ هەزار کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بووە لەو ژمارەیەش ١٢ هەزارو ٧٧٦ کەس گیانیانلەدەستداوە.

د.ع