لە ئیکوادۆر باری نائاسایی ڕاگەیەندرا

دوابەدوای هەڵگرتنی سوبسید(دەستەبەر) لەسەر سوتەمەنی، خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی لە ئێکوادۆر کەوتەوە و دەوڵەت باری نائاسایی ڕاگەیاند.


ماوەی دوو ڕۆژە لە وڵاتی ئیکوادۆر دژی هەڵگرتنی سوبسید (دەستەبەر) لەسەر سوتەمەنی خۆپیشاندان دەستیپێکردووە، دوێنێ شۆفێرانی تەکسی و بارهەڵگرەکان ڕێگاکانی هاتنەناوەوە کیتۆی پایتەختیان داخست، ئەمڕۆش حکومەت باری نائاسایی ڕاگەیاند.

خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ئێکوادۆر چوونەتە سەر شەقامەکان و هاتووچۆکردنیان ئاستەنگ کرد، لە بەرامبەردا پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەتەوژمی بەکارهێنا و ئاڵۆزی کەوتووەتەوە.

حکومەتی ئێکوادۆر ڕایگەیاندبوو کە "سوبسیدی سوتەمەنی ساڵانە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیون دۆلار خەرجیەکانی دەوڵەت زیاد دەکات بۆیە ئەو سوبسیدە هەڵدەگرێت"، بە هەڵگرتنی سوبسید لەسەر سوتەمەنییەکان بەهای بەنزین دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، بۆیە خەڵک دژی وەستاونەتەوە و قبوڵ ناکەن سوتەمەنییەکان گران بکرێت.

ماریا پائۆلۆ ڕومیۆ وەزیری ناوخۆی ئێکوادۆر ڕایگەیاندووە: تا ئێستا ١٩ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، حکومەتی ئێکوادۆر ڕایگەیاند کە، "ڕێکخراوی ئۆپک" جێدەهێڵێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرەوەی ئەو ڕێژە دەستنیشانکراوە، نەوتێکی زیاتر بفرۆشێت و داهاتێکی زیاتر بەدەست بێنێت.

سوبسید یان دەستەبەری دارایی، پێدانی هاوکاریی داراییە، کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ دەکرێت بە ئامانجی بەهێزکردنی بازاڕی ناوخۆ و فرۆشتنەوەی بەرهەمەکان بە هاوڵاتیان بە نرخێکی هەرزانتر.

ش.ف