لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەدژی حکومەتی ئێران چالاکیی ئەنجامدرا

دژی لەسێدارەدانی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی، چالاکوانانی سیاسیی کورد، لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا و لاهای هۆڵەندا چالاکییەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.


هاوڵاتیانی کورد و دۆستانیان ئێوارەی دوێنێ لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا و لاهای هۆڵەندا گردبوونەوە و تاوانەکانی حکومەتی ئێران-یان لەدژی گەلی کورد شەرمەزارکرد، هەروەها پشتگرییان دەربڕی بۆ مانگرتنی گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چالاکییەکە لە مانهایم، لەلایەن ناوەندی جڤاکی دیموکراتی کوردەوە ڕێکخرا، خالیس دۆغان، هاوسەرۆکی ئەو ناوەندە قسەی بۆ چالاکوانان کرد.

خالیس دۆغان وتی: لەسێدارەدانی گەنجان قبوڵ ناکرێت، سەرنجڕاکێشە کە ڕۆژێک پێش ئەو تاوانە ئێران، ڕوسیا و تورکیا لە تاران کۆبوونەوە، گەنجانی کورد بوونە قوربانیی ئەو کۆبوونەوەیە.

هەروەها لە شاری لاهای هۆڵەنداش ڕێپێوانێک بۆ پشتگیریکردنی مانگرتنی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد ئەنجامدرا.

ش.ف