لە باکوری سینا ٢١ چەتەی داعش کوژران

لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لە باکوری سینای میسر، ٢١ چەتەی داعش بە دەستی پۆلیسی میسر کوژران.


وەزارەتی ناوخۆی میسر، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان کە ئێستا لە ژێر ناوی چەتەکانی داعشدا خۆیان ڕێکخستووەتەوە، ٢١ چەتە کوژراون لە بەرامبەریشدا ئەفسەرێکی پۆلیس برینداربووە.

وەزارەتی ناوخۆ، ڕاشیگەیاندووە، پۆلیسی میسر هێرشیکردووەتە سەر ئەو چەتانە لە باکوری سینا کە لە کێڵگەیەکدا بوون و جگە لە کوشتن و ڕاوەدونانیان، دەستیان گرتووە بەسەر چەندین جۆری چەکیشدا.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا گروپە چەکدارەکان هێرشیانکردە سەر هێزە ئەمنیەکانی میسر لەو ناوچەیە و لە ئەنجامدا ١٠ سەرباز کوژران، ڕۆژی دواتر سوپای میسر ئاشکرایکرد کە ١٢٦ جیهادییان لەو ماوەیەی دواییدا کوشتووە لە باکوری سینا، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووشدا سوپای میسر کوژرانی حەوت چەتەی لەهەمان کێڵگەدا ڕاگەیاند لە باکوری سینا.

لە شوباتی ساڵی ٢٠١٨وە سوپای میسر هەڵمەتێکی فراوانی دژ بەو گروپە میلیشیا چەکدارییانە دەستپێکردووە و لە ماوەی ئەو هەڵمەتەشدا نزیکەی ٩٥٠ چەتە کوژران و لە بەرامبەریشدا دەیان سەربازی میسری کوژراون.

ک.س