لە برۆکسل کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان دەستیپێکرد

لە برۆکسل کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسێک کە سەرجەم پارت و لایەنەکانی کوردستان تێیدا بەشداربن، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی و کوردستان و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ بکات، دەستیپێکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ۱۰:۰۰ بەکاتی ئەوروپا، لە برۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان کە لە زیاتر لە ۳٤ پارت و لایەن و ڕێکخراوی سیاسی پێکدێت لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پەیەدە قسەیکرد و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان و ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای خستەڕوو، پاشان ئامادەبووان چەندین پرسیاریان لە سەر دۆخی ڕۆژئاوا و پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان و ڕژێمی سوریا کرد و شاهۆز حەسەنیش وەڵامی دانەوە.

پاشان ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل قسەیکرد و باسی لە دۆخی ئێستای کوردستان و مەترسیەکانی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کرد و ڕێگاچارەکانی خستەڕوو.

بە گوێرەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ئامانج لە کۆبوونەوەکە کارکردنە بۆ بەخێرایی بەستنی کۆنفرانسێک کە سەرجەم پارت و لایەنەکانی کوردستان تێیدا بەشداربن.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پارت و لایەنە کوردستانییەکان پلان دابنێن و شاندێکی هاوبەش لە نوێنەرانی چوار بەشی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی کەنەکە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی سەردانی بەرپرسانی وڵاتانی جیهان و پارت و لایەنە نێودوڵەتییەکان بکەن و داگیرکاریی ڕژێمی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر دەستکەوتەکانی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان لەگەڵیاندا باس بکەن.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانیەکان تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئەمشەو ئەنجامنامەکەی بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەندرێت.

ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارتە کوردستانییەکان و بۆ بەستنی کۆنفڕانسی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە میانی ۱۹مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە کە لە مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بڕیاری لە سەر درابوو.

س.ح