لە کاتێکدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان باس لە سەرکەوتنی ‘ئەلکساندێر لوکاشنکۆ’ لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەکەن، بەڵام خەڵک ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان پێ قبوڵ نییە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕژاونەتە شەقامەکان.
لە مینسک’ی پایتەختی بلاڕوسیا، پۆلیس بە نارنجوکی دەنگی و گولـلەی پلاستیکی و ئۆتۆمبێلی ئاوی بەتەوژم هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەرانیان بریندارکردووە.
ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی بلاڕوسیا باس لەوە دەکەن، کە لۆکاشنکۆ بە بەدەستهێنانی ٨٠٪ی دەنگەکان سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانە، لە کاتێکدا ٢٦ ساڵە وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەسەر کورسییە.
لە بەرامبەردا، ڕایانگەیاندووە، “سوتلانا تیخانوفسکایا” کە ڕکابەری سەرەکیی لۆکاشنکۆیە، تەنها ٧٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا زۆرینە خەڵک پشتیوانیی لێدەکەن.
تیخانوفسکایا دوێنێ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: “من باوەڕ بە چاوی خۆم دەکەم نەک ئەنجامەکان، جیهان دەبینێت کە زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئێمەدایە”.
ڕەخنەگران و ئۆپۆزیسیۆنی بلاڕوسیا ڕایانگەیاندووە، چاوەڕیی ساختەکارییان کردووە لە هەڵبژاردنەکان و داوا دەکەن خۆیان دەنگەکان بژمێرنەوە.
لۆکاشنکۆش دوێنێ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ڕایگەیاند:”دۆخەکە هەروەها لە کۆنترۆڵی مندا دەمینێت، ڕکابەرەکەم کچێکی بچووکی داماوە، کە لە چنگی ‘بوکەشووشەگەردانەکانی بیانی’ یەخسیر بووە”.
ئەمانە لە کاتێکدایە، لە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بلاڕوسیا تا ئێستا، زیاتر لە دوو هەزار کەس لەلایەن دەسەڵاتی لۆکاشکۆە دەستگیرکراون.
س.ح