لە بەریتانیا سەرتاشێک ناوی دوکانەکەی لە ئیستەنبوڵەوە دەگۆڕێت بۆ یەپەگە

لە بەریتانیا سەرتاشێک ناوی دوکانەکەی لە ئیستەنبوڵ-ەوە دەگۆڕێت بۆ یەپەگە، چالاکوانێکیش داوادەکات دوکاندارانی شارەکانی هەرێمیش کە تابلۆی دوکانەکانیان ناوی تورکییە چاوی لێبکەن و ناوەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی.


لە شاری لینکن-ی وڵاتی بەریتانیا، وەك ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بایكۆتکردنی كاڵاو ناوی توركی، خاوەن دوکانێکی سەرتاشخانە ناوی دوکانەکەی لە ئیستەنبوڵەوە گۆڕی بۆ یەپەگە.

لە بارەی ئەو کارەوە چالاکوان و چاودێری سیاسی نیاز حامید، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نوسیوویەتی: ئاکارێکی جوان، شایستەی چاولێکردنە، هیوادارین لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیان ناوی دوکان و بازاڕەکانیان کە تورکین بگۆڕن بۆ ناوێک کە گوزارشت بکات لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە  لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر،دهۆک و کەرکوک کۆمەڵێک دوکان هەیە بەناوی تورکییەوە و داوایان لێدەکات کە "ویژدانیان زیندوو بێت و ناوی دوکانەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی پێش ئەوەی خەڵکی ناڕازای بۆیان بگۆڕێت".