لە بەریتانیا سەندیکاکان داوای ئازادیی ئۆجالان دەکەن

سەندیکاکانی بەریتانیا بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئۆجالان پشتیوانی خۆیان لە گەلی کورد ڕاگەیاند و داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان-یان کرد.


دوێنێ لە شاری برایتۆنی بەریتانیا کۆنگرەی سەندیکاکان بەڕێوەچوو، کە لە ٥٠ سەندیکا پێکهاتووە، لە کۆنگرەکەدا داوای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕیبەری پەکەکە کرا.

نوێنەرانی سەندیکاکان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەیاندا بە تێکڕا، پۆستەرێکیان بەرزکردەوە کە وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان-ی لەسەر بوو و لەسەری نووسرابوو "ئازادی بۆ ئۆجالان".

ئامادەبووان جگە لە داوای ئازادی بۆ ئۆجالان، هەروەها جەختیان لە پشتیوانی گەلی کورد کردەوە، ئەو وێنە و دیمەنانەشیان لەسەر تویتەری سەندیکاکەیان بڵاوکردووەتەوە.

کۆنگرەی یەکێتیی سەندیکاکان و بازرگانی بەریتانیا (TUC) لە ٥٠ سەندیکا پێکهاتووە و نوێنەرایەتی پێنج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کرێکار و ڕەنجدەری ئەندامیان دەکات، کۆنگرەکە لە ساڵی ١٨٦٨ـەوە  دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە لە کارەکانی.

س.ح