دوێنی لە مینسکی پایتەختی بلاڕوسیا دەیان هەزار کەس دژی حکومەتی وڵاتەکەیان ڕژانە شەقامەکان، یەکێک لە ڕیبەرانی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕفێندراوە.
لە کاتێکدا دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی دوێنێی مینسکی پایتەخت، زیاتر لە ٦٣٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون، باس لەوە دەکرێت کە ‘ماریا کولسنیکۆڤا’ یەکێک لە ڕیبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەناو شەقامەکانی مینسک ڕفێندراوە.

وەزارەتی ناوخۆی بلاڕوسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی ٦٣٣ کەسی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: “ئەم کەسانە بەهۆی لەبەرچاو نەگرتنی یاسای گردبوونەوەکان دەستگیرکراون”.
لە ٩ی مانگی ڕابردووەوە کە خۆپیشاندانەکان دژبە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بلاڕوسیا دەستیپێکردووە، ئەمە یەکەمجارە بەم ژمارەیە خۆپیشاندەر لە ڕۆژێکدا دەستگیر بکرێن.
جگە لە مینسک، دوێنێ لە شارەکانی دیکەش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو کە لە شارەکانی ‘گرودنوو’ و ‘برست’ خۆپیشاندانەکان بەرچاوتر و گەورەتر بوون.
سەرەڕای ئەوەی نزیکەی مانگێکە، لە بڵاڕوسیا خۆپیشاندان دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە، بەڵام ئەلکساندر لۆکاشنکۆ کە ٢٦ ساڵە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بە دەستەوەیە، ئامادە نییە لەگەڵ دژبەرەکان و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن دانیشت، لە بەرامبەردا داوای هاوکاریی لە ڕوسیا کردووە، دژی دژبەرەکانی و بڕیارە بەم زووانەش سەردانی ڕوسیا بکات.
ب.ک