لە خۆپیشاندانەکانی سوداندا ٦٠ کەس کوژراون

لە خۆپیشاندانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی سودان-دا ٦٠ کەس کوژراون و ١٤٠ دیکەش برینداربوون.


لیژنەی پزیشکانی سودان ڕایگەیاند، دوای گەمارۆدانی چادری خۆپیشاندەران لەبەردەم بارەگای سەرەکی سوپای ئەو وڵاتە و ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران، ٦٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی سودان سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی سەربازیی ڕاگوزەر لە سودان، بەرپرسیارە ‌لەئاسایش و سەلامەتیی ھاوڵاتییان و داوای ئارامیی لە لایەنەکان کردووە.

ماوەی چەند ھەفتەیەکە ئەنجومەنی سەربازی سودان و ھاوپەیمانی لایەنەکان کە خۆی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی دەبینێتەوە دانووستانەکانیان بە ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستپێکردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش کە لەنێوانیاندا واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی وڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی ڕاگوزەر و ھاوبەش بەردەوام دەبێت و دواتر ھەڵبژاردن دەکرێت.

دوای پەرەسەندنی گرژییەکان ئەنجومەنی ڕاگوزەری سەربازیی سەرجەم ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ھەڵوەشاندەوە و جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە کردەوە بەچاودێریی وڵاتان لە ماوەی کەمتر لە نۆ مانگدا.

 

ش.ف