لە سودان باری نائاسایی هەڵوەشێندرایەوە

عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی کاتیی سودان لە لێدوانێکدا هەڵوەشاندنەوەی باری نائاسایی لە سودان هەڵوەشاندەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە خەرتومی پایتەختی سودان، عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی کاتیی سودان لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات، کۆمەڵێک بڕیاری ڕاگەیاند.

عەبدولفەتاح بورهان ڕایگەیاند: بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی باری نائاسایی و ڕێگەدان بە ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان.

ڕاشیگەیاند: هەموو ئەو کەسانە ئازاد دەکرێن لە میانەی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون.

ئەم بڕیارانەی عەبدولفەتاح بورهان دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ ئەحمەد بن عەوف، وەزیری بەرگریی سودان لە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیەوە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ژەنەراڵ عەبدولفەتاح عەبدولڕەحمان بورهان-ی وەک شوێنگرەوەی خۆی ناساند، بورهان یەکێکە لەو سێ کەسەی ڕۆڵیان هەبوو لە لابردنی عومەر بەشیر.

خۆپیشاندەرانی سودان دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی عومەر بەشیر-یش دەستبەرداری خۆپیشاندان و نارەزایی نەبوون، ئەوان داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کاتیی مەدەنیی دەکەن.


ک.ک