لە سوید پرسە بۆ دایە شەریفە دانرا

لە وڵاتی سوید و لە شاری یۆتۆبۆری لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک،ـەوە لەمەراسیمێکی تایبەتدا پرسەی کۆچکردوو دایە شەریفە، دایکی شەھید فەرھاد وەکیلی دانرا.


ئێوارەی دوێنێ لە شاری یۆتۆبوری، بە ئامادەبوونی خانەوادەی دایە شەریفە و هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە، پرسە بۆ دایە شەریفە دانرا، کە دایکی شەهیدی لەسێدارەدراو فەرهاد وەکیلی-یە و لە ٢٣ ئەم مانگەدا لە شاری سنە کۆچی دواییکرد.

لە مەراسیمەکەدا سەعدیە وەکیلی کچی دایە شەریفە لەسەر ڕەنج و زەحمەتییەکانی دایە شەریفە قسەیکرد و، وتی: دایە شەریفە هەمیشە پاڵنەری منداڵەکانی بووە بەرەو ئاراستەی تێکۆشان و بەرنگاربوونەوەی داگیرکاری لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانیدا بۆ کەسایەتییەکی شۆرشگێر ڕۆڵێکی دیاریکەری گێڕاوە، ھەروەھا دایە شەریفە وەکو دایکێکی ئاشتی هەمیشە لە میدانی بەرخۆداندا بووە لەگەڵ دایکانی دیکەی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

سەعدیە وەکیلی لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئامادەبووان، سەرجەم گەلی کورد و ھەموو ئازادیخوازان کرد.

شەریفە وەکیلی، دایکی شەهید فەرهاد وەکیلی 'کە ڕۆژی ٩-٥-٢٠١٠ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانیدا لە زیندانی ئەوین (ئڤینی) تاران لەسێدارە درا'، ڕۆژی ٢٣ ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە، لە نەخۆشخانەی 'تەوحید'ی شاری سنە، دوای مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

س.ح