لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا ترامپ سەردانی ئەفغانستانی کرد

سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا گەیشتە ئەفغانسان و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکا کۆبوویەوە.


شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو گەیشتە ئەفغانستان و لە بارەگای سەربازی بەگرام لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی کۆبووەوە.

لە بارەگای بەگرام، ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان و مایک میلی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ ترامپ ئامادەبوون و بەشدارییان لە مەراسیمیکی "ڕۆژی سوپاسگوزاری"ی کرد.

لە مەراسیمەکەدا ترامپ بۆ سەربازانی ئەمریکا قسەیکرد و ڕایگەیاند: "تاڵیبان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، دەبینین کە دەتوانن یان نا، ئەمریکا ویستی ڕێککەوتنیان لەگەڵدا بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی سەربازێکی ئەمریکییان کوشت، ئێمە کشاینەوە، لەم شەش مانگەی دواییدا پێشکەوتنێکی باش لە دانووستانەکان دروستبووە و تاڵیبانیش ئاگربەستی دەوێت". 

هەروەها ترامپ باسی لە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان کرد و وتی: "ژمارەی سەربازەکانمان لە ئەفغانستان کەمدەکەینەوە بۆ هەشت هەزار و ٦٠٠ سەرباز، بەڵام تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتن و سەرکەوتنی کۆتایی، لێرە دەبین".

دوای تەواوکردنی وتەکانی ترامپ داوای لە ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان کرد کە قسە بکات، غەنی-ش سوپاسی فیداکاریی سەربازانی ئەمریکای کرد لە ئەفغانستان.

دۆناڵد ترامپ تەنیا دوو کاتژمێر لە ئەفغانستان ماوەتەوە و دوای ئەوە بەرەوە ئەمریکا بەڕێکەوتووە.

د.ع