لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا کەسێک کوژراو کەسێکی دیکەش برینداربوو

لە گوندی بێتواتەی سنوری شارۆچکەی ڕانیە، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا بەچەک ڕوویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژراو کەسێکی دیکەش برینداربوو، پۆلیسیش دەڵێت: تەقەکەرەکان دەستگیرکراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.


لە گوندی بێتواتەی سنوری شارۆچکەی ڕانیە، بەیانی ئەمڕۆ شەڕ و ڕووبەڕووبونەوە بەچەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا.

لە بارەی ڕووداوەکەوە شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەو شەڕەدا تەقەکردن لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا بۆماوەیەک ڕوویداوە و لە ئاکامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە، کە هەردووکیان لە ڕەگەزی نێرن و تەمەنیان سەرو ١٨ ساڵە.

ڕاشیگەیاند، دوای بیستنی هەواڵەکە هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، وتیشی: لە ئێستادا دۆسیەی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و دۆخەکەش ئارامبووەتەوە و لە داهاتووشدا وردەکاری زۆرتر دەربارەی ڕووداوەکە بڵاودەکەینەوە.

بەپێی زانیارییەکان شەڕی ئەو دوو بنەماڵەیە لەوەوە دروستبووە کە کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەیەکیان دوێنێ بەئۆتۆمبێل منداڵێکی بنەماڵەکەی دیکەی شێلاوە، بەو هۆیەوە ئاڵۆزی لە نێوانیان دروستبووە و دواتر دۆخەکە ئەو ڕووبەڕووبونەوەیەی ئەمڕۆی لێکەوتوەتەوە.

ک.س