لە فەرەنسا دژی گۆشەگیرکردنی ئۆجالان خۆپیشاندان ئەنجامدرا

لە شاری مارینانی فەرەنسا گەنجانی کورد ڕژانە سەر شەقامەکان و گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەیان شەرمەزارکرد.


گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە قورسترین ئاستیدایە، بەمەبەستی دژایەتیکردنی ئەو گۆشەگیرییەش لە سەرتاسەری ئەوروپا خۆپیشاندان لەدژی دەوڵەتی تورک و ئەشکەنجەکانی ناو ئیمرالی ئەنجامدەدرێت، شەوی ڕابردوو-ش گەنجانی کوردی دانیشتووی فەرەنسا لەسەر پێ بوون.

ئەندامانی گەنجانی ئازادی کورد لە فەرەنسا و دۆستانیان لە شاری مارینانی فەرەنسا ڕژانە سەر شەقام و گۆشەگیرکردنی ئۆجالانیان شەرمەزارکرد، خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦ وە کە هیچ زانیارییەک لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بە دەستی گەل نەگەیشتووە، ئەوەش نیگەرانییەکانی خەڵکی زیادکردووە.

پاشان ڕاگەیەندرا، کە ڕۆژی شەممە واتە سبەینێش چالاکییەکی دیکە لەدژی ئەردۆغان و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدەدرێت و بانگەوازیی کرا هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەشدا بەشداری بکەن.

خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" ، "ئەردۆغانی بکوژ" کۆتایی پێهات.

ش.ف