فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان بڵاویکردەوە، بەهۆى ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لەدەریای نێوان هەردوو وڵاتى فەرەنسا و بەریتانیا لەنزیك شاری کالیەی فەرەنسا چارەنووسى ژمارەیەکى زۆر کۆچبەر نادیارە و تاوەکو ئێستاش تەرمى پێنچ کەس دۆزراوەتەوە و چارەنووسى ٢٦ کەسى دیکە نادیارە، کە بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، سەرجەمیان کوردن.
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان لە پەیجى فەرمى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک لە زارى جیڕالد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، پاش نیوەڕۆی دوێنێ تیمێکى کەشتیوانى هێزی دەریایی فەرەنسا لەنزیک کەناری کالیە سەر بەفەڕەنسا چەند پەنابەرێکیان لەنێو دەریادا بینیوە، کە هەوڵی خۆ ڕزگارکردن و مانەوەیان لە ژیان دەدا و هێزەکانیشمان ڕاستەوخۆ چوون بەهانایانەوە و ڕزگاریان کردوون، کە چەند کەسێکیان لە هۆش خۆیان چوبوون.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ڕووداوەکە وەزیری ناوخۆى فەڕەنسا چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێزەکانی دەریایی فەرەنساش بەسێ کەشتی و دوو هەلیکۆپتەر دەستیان کردووە بە پشکنین و گەڕان بەدوای کۆچبەرە بێ سەروشوێنەکاندا.
فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی- کوردستان ڕاشیگەیاندووە، بەهۆى ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمەى کۆچبەران بەلەمێکی لەدەریایی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا چارەنووسى ژمارەیەکى زۆر کۆچبەر نادیار و تاوەکو ئێستاش تەرمى پێنچ کەس دۆزراوەتەوە و چارەنووسى ٢٦ کەسى دیکەش نادیارە.
بەپێی زانیاریی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی، کە لەناو فەرەنسا بەدواداچوون بۆ ناسنامەی قوربانییەکان دەکەن، سەرجەم قوربانییەکان کوردی باشووری کوردستانن، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکانیان ڕوون نەبووەتەوە.
تەنها بۆ مانگی تەمموزى ئەمساڵ ئەو دوو وڵاتە ڕێکەوتن بۆ ڕێگرییکردن لە پەڕینەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچووك لە بەرامبەریشدا بەڕیتانیا بەڵێنی پێدانى بڕی ٦٢.٧ ملیۆن یۆرۆی وەك هاوکاریی بە دەسەڵاتدارانی فەرەنسادا.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق – کوردستان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٤هەزار و ٧٠٠ کۆچبەر لە وڵاتى فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەڕیتانیا، کە ئەو ژمارەیەش سێ هێندەی گەیشتنی کۆچبەرانە بۆ بەڕیتانیا لەساڵی ٢٠٢٠دا و لە بەرامبەردا وڵاتى بەریتانیاش فەرەنسا تۆمەتباردەکات، کە وەک پێویست ڕێگریی لە پەڕینەوەی پەنابەران ناکات.
بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی فەرەنساش، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ٣١ هەزار و ٥٠٠ کەس هەوڵی ڕۆیشتنیان داوە بۆ بەریتانیا و حەوت هەزار و ٨٠٠ کەس لە دەریا ڕزگارکراون، کە لە مانگی ئابەوە بەراورد بە پێشتر ژمارەکە دوو هێندە زیادبووە.
ئ.م