لە هێرشێکی تاڵیباندا ٢٧ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان کوژران

چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و لە ئەنجامدا ٢٧ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژران و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ لە پارێزگای ساریپول لە باکوری ئەفغانستان چەکدارانی تاڵیبان هێرشێکی چەکدارییان لە دژی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

لە هێرشەکەدا ٢٧ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و ٢٥ی دیکەش بریندار بوون.

زەبیحوڵا ئامەنی، وتەبێژی پارێزگای ساریپول باسی لەوە کردوە: چەکدارانی تاڵیبان هەوڵیان دا دەستبگرن بەسەر کێڵگەیەکی نەوتدا لە ناوچەکەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

باسی لەوەش کردوە: کە هێرشەکە زۆر فراوان و بەهێز بووە و دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کەوتوونەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان.

ڕێکخراوی تاڵیبان ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕەوی چەکدارییە، لە ساڵی نەوەدەکان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتەدەست و لە ساڵی ٢٠٠١ بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە دەسەڵات دوور خرایەوە، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام هێرشی چەکداریی ئەنجام دەدەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات.

 

ک.ک