لە هێرش بۆسەر پەرستگایەکی 'سیک'ـەکان ١١ کەس کوژران

لە هێرشێکی چەند چەکدارێکی نەناسراو بۆسەر پەرستگایەکی 'سیک'ـەکان لە ئەفغانستان ١١ کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون.


کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو، هێرشیان کردەسەر پەرستگەیەکی کەمینەیەکی ئاینی لە ناوەندی کابولی پایتەختی ئەفغانستان.

تارق ئاریەن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند: هێرشبەرەکان ژمارەیان چوار کەس بووە، بە پشتوێنی خۆکوژییەوە چوونەتە ناو پەرستگای "دەرمسال" لە کۆڵانی "شوربازاڕ" و تەقەیان لە باوەڕمەندانی "سیک" کردووە.

هەروەها ڕایگەیاند: لەو هێرشەدا بە لانیکەمەوە ١١ کەس کوژراون و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون، وتیشی: هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێی گەیشتوونەتە شوێنەکە و ڕووبەڕووی هێرشبەرەکان بوونەتەوە.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بزوتنەوەی تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەبوونی دەستی چەکدارەکانی لەو هێرشەدا ڕەتکردووەتەوە.

کاربەدەستانی ئەفغانستانیش لەسەر ناسنامەی هێرشبەرەکان هێشتا زانیارییەکیان بڵاونەکردووەتەوە.

ک.س