ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، سوپای ئەریتریا بە کۆمەڵکوژی سەدان کەس لە هەرێمی تیگرای ئەسیوپیا تاوانبار دەکات، چین و ڕوسیاش ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ئاسایشیان شکست پێهێنا کە دەیویست لەسەر توندوتیژیەکانی تیگرای بڵاوی بکاتەوە.
لە ٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئابی ئەحمەد، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا، لە دژی سەرکردەکانی بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای کە پارتی فەرمانڕەوان لە هەرێمەکەدا، بە هاوکاری سوپای ئەریتریا هێزی جوڵاند کە تۆمەتباری کردبوون بەوەی پەلاماری سوپای ئەسیوپیایان داوە و سەربەخۆییان ڕاگەیاندووە، هەروەها ئەوانی بە یاخیبوو لە حکومەتی ناوەندی ئەدیس ئەبابا تۆمەتبار کرد، هەر لە ٢٠ی ئەو مانگەدا سوپای هەردوو وڵات چوونە ناو تیگرای و کۆنترۆڵیان کرد، بۆ ماوەی شەش مانگ دۆخی لەناکاو بەسەر هەرێمەکەدا سەپێنرا کە تا ئێستاش بەردەوامە.
مارک لوکۆک ڕێکخەری کاروباری فریاگوزاری و مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە هێزەکانی ئەریتریا کرد لە پارێزگای تیگرای ئەسیوپیا پاشەکشە بکەن، دووپاتیشیکردەوە کە نابێت ڕێگە بە هێزەکانی ئەریتریا بدرێت پێش ئەوەی ناوچەکە جێبهێڵن، بەردەوام بن لە هەڵمەتی لەناوبردن.
ئەو کاربەدەستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە تاوانی دڕندانە دەکەن لە لایەن کەسانی سەربازییەوە لە تیگرای ئەنجامدراوە لە نێویشیاندا سەربازانی ئەریتریا، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سوپای ئەریتریای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شاری ئاکسومی پایتەختی تیگرای سەر بە ئەسیوپیا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەو ماوەیە دەکات کە هەرێمی تیغرای چەند مانگێک ململانێی نێوان هێزەکانی حکومەت و بەرەی ڕزگاریی تێدا بووە و ئاماژە بە کوشتنی سەدان هاوڵاتی دەکات لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا لەلایەن هێزەکانی ئەریتریا کە بە ڕەزامەندی ئەسیوپیا لە تیگرای شەڕ دەکەن، ڕاپۆرتەکەش لەسەر بنەمای شاهیدانی ڕزگاربووان وەرگیراوە، کە هەندێکیان پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.
دوێنێ هەریەک لە چین و ڕوسیا خۆیان لە دەرکردنی بەیاننامەیەک بە دوور گرت لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای کۆتاییهێنانی بە توندوتیژییەکانی تیگرای دەکرد، هەر ئەوەش وایکرد ئەنجومەنەکە نەتوانێت بەیاننامەکەی لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە، ئەوەش دوای دوو ڕۆژ له دانوستان دێت لەسەر توندوتیژیەکانی تیگرای، بەڵام ئەم دوو وڵاتە سووربوون لەسەر ئەوەی کە ململانێ و کێشەی تیغرای پەیوەندی بە ناوخۆی ئەسیوپیاوە هەیە نەک ئەنجومەنی ئاسایش.
هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەو کوشتارە دەکات کە لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوەوە دەستیپێکرد کە سەدان هاوڵاتی بێتاوان لە گەنج و ژن کۆمەڵکوژ کران، پاش ئەوەی هەوڵیان دەدا خۆیان ڕادەستی سوپای ئەریتریا و ئەوسیوپیا نەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە ٢٨ بۆ ٢٩ی ئەو مانگەدا کوژراون.
هەیمەنەی هەرێمی تیغرای لە دوای ساڵی ١٩٩١وە زاڵبووە لە ئەسیوپیادا بە تایبەت لە دوای لەکارلادانی مەنگستو هیلا سەرکردەی ئەنجومەنی سەربازی ناوچەکە.
ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی تیگرای زیاتر بوون بە تایبەت دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنیان ئەنجامدا لە دژی بڕیاڕی حکومەتی فیدراڵ کە بە پاساوی پەتای کۆرونا دوایخستبوو کە بڕیار بوو لە ٢٩ی ئابدا ئەنجام بدرێت.
دوابەدوای ئەو هەڵبژاردنەش، پەرلەمانی ئەسیوپیا فەرمانی بە وەزارەتی خەزێنە کرد کە بودجەی حکومەتی هەرێمەکە ڕابگرێت و لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووش سوپا کۆنترۆڵی تەواوی هەرێمەکەی وەرگرتەوە.
ی. ک