لە ٢ کافتریادا ٨ کەس کوژران

لە دوو ڕووداوی تەقەکردن، لە دوو کافتریادا لە ئەڵمانیا، هەشت کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.


شەوی ڕابردوو لە ناوەندی شاری هانائۆ لە ئەیالەتی هسنی ئەڵمانیا، لە دوو کافتریادا لەلایەن کەسانی نەناسراو تەقە لە کەسانی ناو کافتریاکان کرا.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئەڵمانیا، ڕووداوی یەکەمی تەقەکردنەکە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو بە کاتی ئەوروپا لە ناوەندی شاری هانائۆ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە ڕووداوی دووەمی تەقەکردنیش کەمێک دوای ڕووداوی یەکەم لە کافتریایەکی گەڕەکی کێسلتات ڕوویداوە و تێدا پێنج کەس کوژراون.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لەو دوو ڕووداوەدا جگە لەو هەشت کەسەی کوژراون پێنج کەسی دیکەش برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

دوا بەدوای ئەو دوو تەقەکردنەدا، هێزەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکان و هێلیکۆپتەری پۆلیسیش بەسەر ئاسمانی شارەکەدا سووڕاوەتەوە، هەروەها هێزێکی زۆری ئەمنی لەو شارە بڵاوەیان پێکراوە.

بە گوێرەی یۆرۆنیوز، دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی پۆلیسی ئەڵمانیا، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی دووکەس کە دەوترێت تەقەکەرەکانن لە ماڵێکدا دۆزرانەوە.

تا ئێستا پۆلیس و دەوڵەتی ئەڵمانیا لەسەر ئەو ڕووداوانە ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان بڵاو نەکردووەتەوە، ناسنامەی تەقەکەرەکانیش ئاشکرا نەکراوە.

ک.س