لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٣ هەزار کەس لە جیهان دووچاری کۆرۆنا بووە

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠٢ هەزار و ٧٨١ کەس لە جیهاندا دووچاری کۆرۆنا بووە و نزیک بووەتەوە لە نیو ملیۆن کەس.


بەپێی دوایین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ڕۆژانە بە بەردەوامی بەشێوەی ئۆنلاین بڵاویدەکاتەوە، ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیکبووەتەوە لە ٤٧٩ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهاندا، لەو ژمارەیەش ٢١ هەزارو ٥٧٧ توشبوو گیانی لەدەستداوەو ١١٥ هەزارو ٧٩٦ توشبووش بە تەواوی چاک بوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکە لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا واتە لە ٢٠ی ئەم مانگە تا دوێنێ ٢٥ی مانگ، ٢٠٢ هەزار و ٧٨١ کەس لە جیهاندا دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لەنێو ئەو وڵاتانەشدا کە ڤایرۆسەکە بە خێرایی تیایاندا بڵاودەبێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە بەتەنها دوێنێ زیاتر لە ١٣ هەزار کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بوون.

هاوکات لە ماوەی نێوان ٢٠ تا ٢٥ی ئەم مانگە، ٤٩ هەزارو ٢٠٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بووەو لە ئێستاشدا کۆی توشبووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٦٨ هەزارو ٥٧٣ کەس.

لە ئیسپانیاش ڤایرۆسەکە لەو ماوەیەدا ٢٨ هەزار حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوەو تا ئەمڕۆ ژمارەی توشبووان گەیشتووەتە ٤٩ هەزارو ٥١٥ کەس.

لە ئیتاڵیاش لەکۆی ٧٤ هەزارو ٣٨٦ توشبوو، ٢٧ هەزارو ٣٦٥ کەسیان لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا تۆمار کراون.

لە فەرەنساش لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا ١٢ هەزارو ٦٢١ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بووە، لە ئێستاشدا کۆی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٥ هەزارو ٢٣٣ کەس.

لە ئەڵمانیاش ٣٩ هەزارو ٣٥٥ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بووە، لەو ژمارەیەش ١٩ هەزارو ٥٠٧ کەسیان لەماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا توشبوون.

لە ئێرانیش ژمارەی توشبووان گەیشتووەتە ٢٩ هەزارو ٤٠٦ کەس، لەو ژمارەیەش ٩ هەزارو ٧٦٢ کەسیان لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا زیاد بوون.

س.ح