لە ڤیەنا کۆمەڵکوژیی پاریس شەرمەزار کرا

لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەهیدانی پاریسدا، لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، تێیدا کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار کرا.


دوێنی دژی کۆمەڵکوژیی پاریس، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرابوو، لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا گردبوونەوەیەک ڕێکخرا و تێیدا سەدان کەس لە کوردان و دۆستانی کورد بەشدارییان کرد.

لە چالاکییەکەدا وێنەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، عەبدوڵا ئۆجالان و لەیلا گوڤەن بەرزکرابوونەوە.

چالاکییەکە لەلایەن ناوەندی دیموکراتیی کوردەوە ڕێکخرا و نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی چەپ و سۆسیالیستی بەشدارییان تیادا کرد.

خالیس سەڤەر هاوسەرۆکی ناوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراتیی کورد لە نەمسا، وتەیەکی پێشکەشکرد و هەر سێ ژن 'ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز' کە لە پاریس تیرۆرکرابوون، بە بیرهێنایەوە و وتیشی: کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراوە، بەڵام بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی فەرەنساشی تیادایە، کە لە دژی تێکۆشانی ئازادیی ژنیش ئەنجام دراوە.

سەڤەر ئەوەشی خستەڕوو، تێکۆشان بەردەوامە و دەوڵەتی تورک بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە.

س.ح