لە کارگەیەکدا ئاگرکەوتەوە و ٤٣ کەس گیانیان لەدەستدا

کاربەدەستانی هندستان ڕایانگەیاند، زیاتر لە ٤٣ کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی کارگەیەک لە وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستداوە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری دەلهی پایتەختی هندستان، کارگەیەک لە گەڕەکێکی کۆنی ئەو شارە ئاگری گرتووە و بەوهۆیەوە دەیان کەس گیان لەدەستدا و برینداربوون.

کاتژمێر ٠٥:٢٢ خولەکی بەرەبەیانی هێزەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە ئاگادار کراونەتەوە و خۆیان گەیاندووەتە شوێنی ڕووداوەکە و تا کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی بەیانی زیاتر لە ٦٥ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری دەلهی.

بە وتەی کاربەدەستانی هندستان، ٤٣ کەس لە ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

کاربەدەستانی تەندروستیش ڕایانگەیاندووە زۆربەی ئەو کەسانەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی ژەهراوی، لە هۆش چوون.

تا ئێستا هۆکاری ڕوودانی ئەو ئاگرکەتنەوەیە ڕوون نەبووەتەوە و لێکۆڵینە لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامە.

ک.س