لە کامیرۆن ٧٩ خوێندکار بە بارمتە گیراون

کاربەدەستێکی دەوڵەتی کامیرۆن ئاشکرای کرد، کە ٧٩ خوێندکار لە یەکێک لە ناوچە ئینگلیزی زمانەکانی کامیرۆن لەلایەن گروپێکى سەربەخۆیى خوازەوە ڕفێندراون و وەک بارمەتە لاى خۆیان دیلیان کردوون.


ڕۆژى دووشەممە، گروپێکى سەربەخۆیى خواز، لە وڵاتى کامیرۆن، کە دەکەوێتە ڕۆژئاواى کیشوەرى ئەفریقا، ٧٩ خوێندکارى مەسیحییان لەگەڵ بەڕێوبەرى خوێندنگاکە مامۆستایەک و شۆفێرى پاسى خوێندکارەکان-یان ڕفاندووە و هەتاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون.

کاربەدەستێکی دەوڵەتی کامیرۆن دوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنى وەزیرانى کامیرۆن، لە لێدوانێک بۆ ڕاگەیاندنەکان وتوویەتی، ٧٩ خوێندکار لەگەڵ ماموستایەک و بەڕێوەبەری خوێندنگاکە و شۆفێرى ئەو پاسەى، کە خوێندکارەکانى تێدابووە لە لایەن گروپێکی چەکدار سەربە لایەنێکی سەربەخۆیی خواز بە دیل گیراون و ڕفێندراون، هەروەها ڕایگەیاند، کە گەڕان بۆ دۆزینەوەی بە بارمتە گیراوەکان دەستی پێکردووە و هەموو هێزەکان بۆ بەشداری لەو ئۆپەراسیونە خراونەتە ئامادەباشییەوە.

ئەو کاربەدەستە ئاشکرایشی کردووە، کە ئەو بارمتانە، خوێندکاری خوێندنگایەکی سەربە کلیسای پرۆتستان لە شاری بامندا-ن، کە ناوەندی ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای  وڵاتی کامیرۆنە و بووەتە مەیدانی شەڕی چەکداری نێوان چەکدارە ئینگلیزی زمانەکان و هێزە کانی دەوڵەتی کامێرون.

لە نێو وڵاتى کامیرۆن-دا بە زمانى فەڕەنسى و زمانى ئینگلیزى قسەدەکرێت، لە ئێستادا گروپێکى سەربەخۆیى خواز لە نێو ئینگلیزى زمانەکاندا دروستبووە و داواى سەربەخۆى و جیا بوونەوە لە کامیرۆن دەکەن، ئەم خوێندکارانەش لەلایەن ئەو گروپەوە ڕفێندراوە و هەتاوەکو ئێستا مەبەستى ڕفاندنى خوێندکارەکانیان ئاشکرا نەکردووە.

د.ع