لە کەناراوە ئاوییەکانی مەغریب ١٤ کۆچبەر خنکان

 ١٤ کۆچبەر کە دووانیان منداڵن لە کەناراوە ئاوییەکانی ئۆقیانوسی ئەتڵەسی خنکان، دوای ئەوەی دەیانویست بەشێوەیەکی نایاسایی بگەنە مەغریب و لەوێشەوە بۆ ئیسپانیا.


ڕێکخراوێکی مرۆیی ئیسپانی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بەلەمەکە ماوەی سێ ڕۆژ لەئاوەکەدا ماوەتەوە، دوێنێ ژێرئاوکەوتووە و بەهۆیەوە ١٤ کەس خنکاون کە دوانیان منداڵن.

ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکی ماسی گرەکان لەنزیک ڕووداوەکە بووە و بەهانای کۆچبەرەکانەوە چووە و چەند کەسێکیانی لە مردن ڕزگار کردوون.

دەسەڵاتدارانی کەناراوە ئاوییەکانی ئیسپانیا ڕایانگەیاندووە، ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون و هەواڵەکەش لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکەوە پێیان ڕاگەیەنراوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، دوای ڕووداوەکە هەلیکۆپتەری فریاکەوتنیان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، هەروەها لەم مانگەشدا ٧٠٨ کۆچبەری نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە دوورگەکانی ئیسپانیا.

ک.س