مانگرتوویەکی ستراسبۆرگ پەیامێکی تایبەت بۆ گەنجان دەنێرێت

یەکێک لەو چالاکانەی، کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بێسنوور مانی لەخورادن گرتووە، ڕەخنە لە سی پی تی دەگرێت و دەڵێت، کە بیدەنگیی ئەو هانی تورکیای داوە کە درێژە بە ئەشکەنجەدانی ئۆجالان بدات، بۆیە داوای شکاندنی بێدەنگیی و ناردنی شاند بۆ ئیمراڵیی دەکات، پەیامی تایبەتیش بۆ گەنجان دەنێرێت و دەڵێت:گەنجان هێزی گۆڕانکاریی گەورەن، بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئیستا، زۆر گرنگە کە دەنگیان بەرز بکەنەوە.


کاردۆ بۆکانی، خەڵکی شاری بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و مامۆستای زانکۆی دبلن-ی ئایرلاند، هاوڕێ لەگەڵ ١٤ کەسی دیکەدا لە ڕۆژی ١٧/کانوونی یەکەمی ٢٠١٨-وە لە شاری ستراسبۆرگ-ی فەرەنسا، چالاکیی بێ سنووری مانگرتن لە خورادنی ڕاگەیاندووە.

چالاکییەکەی ستراسبۆرگ، دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە لە ٨/تشرینی یەکەم لەیلاگوڤەن، هاسەرۆکی کەجەدە لە زیندانی ئاماد و ناسر یاگز، ئەندامی هەدەپە لە نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان ڕۆژی ٢١/تشرینی دووەم، بەهۆی نیگەرانیی قوڵیان لە نەبوونی هیچ هەواڵێک لە عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە و بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەریەتی، دەستیان بە مانگرتنی بێ سنوور کرد.

مانگرتنەکە لەبەردەم ناوەندی سی پی تی(کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە) و ئەنجومەنی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ دەستپێکردووە و داوا لە سی پی تی دەکەن، کە شاندێکی بنێرێت بۆ زیندانی ئیمرالی و سەردانی ئۆجالان بکات.

کاردۆ بۆکانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ماڵپەڕی hungerstrikes ڕایگەیاندووە:"تەندروستیی و ئاسایشی ژیانی ئۆجالان بۆ ئێمە تا دوا ڕادە گرنگە، بۆیە داوای لێدەکەین،  شاندێکی بنێرێت بۆ ئیمرالی".

کاردۆ بۆکانی، ئاماژەی بۆ کەمتەرخەمییەکانی سی پی تی کردووە و دەڵێت، کە بەپێی ئەو ئەرکەی هەیانە، دەبێت ڕێگریی لە ئەشکەنجە بکەن، بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ئۆجالان لە دونیا دەرەوە دابڕێنراوە و ئەوانیش بیدەنگییان هەڵبژاردووە، ڕاشیگەیاند:"ئەو بێدەنگیە هانی تورکیای داوە کە درێژە بە ئەشکەنجەکردنی ئۆجالان بدات بێ هیچ سڵەمینەوەیەک".

ئەو چالاکوانە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئۆجالان مرۆڤێکی ئاسایی نییە، لەلایەن ملیۆنان کوردەوە وەک ڕێبەرێک دەبینرێت، هەروەها ئۆجالان تیۆریسیانێکی سیاسییە کە بەشداری جەدەلی جیاوازی فەلسەفی کردووە و نابێت و ناکرێت فەرامۆش بکرێت، ئەمە جگەلەوەی زیاترین دەنگی بیستراوە بۆ پێکهێنانی ئاشتیی لە تورکیا، بۆیە دەبێت گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراتیی و پێشکەوتووخوازەکانی دونیا پشتگیریی بدەن بۆ کۆتاییهێنان بۆ گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و ڕاوەستاندنی سیاسەتە دووژمنکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

کاردۆ بۆکانی، مامۆستای زانکۆی دبلن-ی ئایرلاند، پەیامی تایبەتی بۆ گەنجان هەیە و دەوڵێت:"گەنجان هێزی گۆڕانکاریی گەورەن، بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئیستا، زۆر گرنگە کە دەنگیان بەرز بکەنەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەتە دڕاندانەیە کە هێزی داگیرکاری کوردستان پەیڕەوی دەکەن، ئۆجالان تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کرد لە پێناوی ژیانێکی بە کەرامەت بۆ گەنجانی کورد، کاتی ئەوە هاتووە کە گەنجی کورد ڕاوەستن لە دژی ئەو کردەوانەی تورکیا لەبەرامبەر ئۆجالان و ئەو دۆزەی داکۆکی لێدەکات.

 

ش.ف