مانۆڕی دەریایی هاوبەشی ئەمریکا و ١٠ وڵاتی ئاسیایی دەستیپێکرد

ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوبەشیی لەگەڵ ١٠ وڵاتی باشوری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا مانۆڕێکی دەریایی دەستپێکرد.


ئەمڕۆ مانۆڕی هاوبەشی ئەمریکا و ١٠ وڵاتی باشوری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا، کە ئەندامن لە یەکێتی 'ئا سێ ئان' لە بنکەیەکی دەریایی لە ناوچەی 'پاتایا' لە وڵاتی تایلەند دەستیپێکرد.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بانکۆک بە ڕاگەیەندراوێک دەستپێکردنی مانۆڕە هاوبەشەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو مانۆڕە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ئاوەکانی کەنداوی تایلەند و دەریای باشوری چین بەردەوام دەبێت.

ئەو مانۆڕە هاوبەشە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە بازرگانیی و سیاسییەکانی چین و ئەمریکا، ئاڵۆزیی تێکەوتووە و کێشەیان هەیە لەسەر بەرفراوانکردنی هەژمونی یەکتر لە دەریای چین، کە سەرچاوەی کانزا سروشتییەکان و سەرچاوەکانی وزەیە.

ش.ف