ماکرۆن: بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ترامپ، پوتین و ڕۆحانی قسەدەکەم

بە قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و توندبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە، هەروەها مەترسی ڕوودانی شەڕی لەناکاو لە کەنداو، سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕایگەیاندووە: بۆکەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لەگەڵ ترامپ، پوتین و ڕۆحانی قسە دەکەم.


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا کە لە ماوەی ڕابردوو دووجار ڕاوێژکاری دپلۆماتی خۆی ناردووەتە تاران و چەندجارێک لەگەڵ سەرۆکانی ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان قسەیکردووە، دوێنێ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بێلگرادی پایتەختی سربیا ڕایگەیاند، جارێکیتر لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا و ئێراندا قسەدەکات.

ماکرۆن لەسەر هەوڵدانەکانی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وتی: بە باوەڕم هەوڵدانەکانی ئێمە لەم ماوەیە بووەتە هۆی ئەوەی پێش لە ڕووداوە نەخوازراوەکان و کاردانەوەی توندی ئێران بگرێت.

ماکرۆن دژواری ئەم هەوڵدانانەیان نەیشاردەوە و ڕایگەیاند:"لەم دۆخە دژوارەدا، بەردەوام دەبم لە هەوڵدانەکانم وەک ناوبژیوانێک و لەم پێناوەدا دوای قسەکردن لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، لەگەڵ هەریەکە لە  ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسە دەکەم".

ئەم قسانەی ماکرۆن لە کاتێکدابوو، کە دوێنێ وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لەسەر ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا کۆببونەوە، فدریکا موگرینی دوای دانیشتنەکە ڕایگەیاند: ئێران هێشتا بە گشتی ڕێککەوتنەکەی پێشل نەکردووە و هەموو وڵاتان داوای لێدەکەن بە تەواوەتی پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت، ئێمە هێشتا "میکانیزمی ماشە"مان چالاک نەکردووەتەوە.

میکانیزمی ماشە، بەواتای ئەوەیە کە لە حاڵەتی پشتڕاستبوونەوەی دەرچوونی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لەسەر ئێران چالاک دەکرێنەوە.

س.ح