ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا چیتر لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست هاوکار نییە و ڕایگەیاند: هەوڵدەدەین دژی دەوڵەتی تورک هەڵویستێکی هاوبەش نیشان بدەین.
ماکرۆن پێش کۆبوونەوەی حەوت وڵاتی ئەوروپی ناسراو بە گرووپی (MED 7) لە دوورگەی کورسیکای فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی قسەیکرد و وتی: دەبێت قبوڵی بکەین کە تورکیا چیتر لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست هاوکارمان نییە.
ماکرۆن ڕایگەیاند: تورکیا بە پێشلکردنی مافی یۆنان، ڕێککەوتنێکی قبوڵنەکراوی لەگەڵ حکومەتی هاوپەیمانی لیبیا (لە تارابلوس) واژۆکرد، تورکیا لە بازنەی ئابوری قوبرس کردەوەی قبوڵنەکراوی ئەنجامدا، هەروەها ئاژاوەگێڕی زۆر دەکات کە لە دەوڵەتێکی گەورە قبوڵناکرێت.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا ڕاشیگەیاند: پێویستە ئەوروپا هەڵویستی هەبێت، ئێمەی ئەوروپی، دژی گەل و نەتەوەی تورک نیین، بەڵام دژی حکومەتەکەی ئەردۆغانین، کە هەڵسوکەوتەکانی قبوڵکراو نیین، پێویستە هەڵویستێکی ئاشکرا و بەبڕیار نیشان بدەین، هێڵی سنووری ئێمە ئاشکرایە؛ ڕێز لە سەروەریی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئیدانەکردنی چالاکییە تاکڕەوانەکانی لایەنەکان، نیازمان ئەوەیە کە خۆمان لە ئاڵۆزییەکان دوور بگرین، بەڵام واتای لاوازیی ئێمە نییە، هێلی سووری ئێمەش ئەوەیە کە باسمکرد، ئێستا دەبێت تورکیا مەبەستی خۆی ئاشکرا بکات.
ماکرۆن ئاماژەشی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەیاندا، دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و لەگەڵ ئەوەن کە دانوستانی ڕاستەقینە بەڕیوەبچێت، وتیشی: بەڵام بەو مەرجانەی دەستپێک کە ناگۆڕدرێن، ئێمە ئەمجۆرە دانۆستانێکمان بە دڵە.
لە کۆتاییدا ماکرۆن وتی: لە ئاستی ئەوروپاشدا دەمەوێت ڕاشکاوانە بڵێم؛ پێویستە ئەوروپاش ببێتە خاوەن دەنگێکی ئاشکرا و یەکگرتوو.
ب.ک