سەرۆکى کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند، هاککەرە ڕووسییەکان، کە لەلایەن وڵاتەکەیانەوە هاوکاریی دەکرێن، نەخشەیەکی سیخوڕیی ستراتیژی-یان دامەزراندووە، کە سیخوڕیی بەسەر نزیکەی ٤٢ وڵاتەوە دەکەن، ئەو وڵاتانەش ئەوانەن هاوکارى ئۆکراین دەکەن.
براد سمیت، سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند: لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، نزیکەى ٤٢ وڵاتى هاوپەیمانى ئۆکراین لەلایەن هاککەرە رووسیەکانەوە، کە لەلایەن وڵاتەکەیانەوە هاوکارى دەکرێن کراونەتە ئامانج و لەو هەوڵەشیان بە رێژەی ٢٩٪ سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت باسیلەوەشکردووە: دوو لەسەر سێی ئامانجی هاککەرە ڕووسیەکان بۆسەر وڵاتانى ئەندامانی ناتۆ بوون، بە پلەى یەکەمیش ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و پۆڵەندا، کە سەرچاوەی ناردنی هاوکارییەکانن بۆ ئۆکراین.
براد سمیت ئەوەشى خستووەتەڕوو: راپۆرتەکان دەریدەخەن لەماوەی دوو مانگی رابردوودا هەوڵە سیخوڕییەکانى هاککەرە ڕووسیەکان بەسەر هەریەکە لە وڵاتانى دانیمارک، سوید، نەرویج و فینلادیش زیادیانکردوە، بەشێوەیەکى بەگشتی وڵاتانى ئەوروپا بەرگری بەکۆمەڵیان لەو ڕوەوە لاوازە.
سەرۆکى کۆمپانیاى مایکرۆ سۆفت ڕاشیگەیاندووە: هاککەرە ڕووسیەکان نەخشەیەکی سیخوڕی ستراتیژی-یان دامەزراندووە و تا ئێستا ١٢٨ ئاژانسی حکومى، کۆمەڵەى مرۆیی، ڕۆژنامە، کۆمپانیاى بوارى وز و بوارى بەرگرى- ئەو ٤٢ وڵاتەیان کردووەتە ئامانج، کە هاوکارى ئۆکراین دەکەن .
لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکردووە و تا ئێستاش جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.
ئ.م