نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی ئەمەریکی مایکل ڕۆبن، لە وتارێکدا باس لە ڕێککەوتنی دژی شەنگال دەکات و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگرێت لەسەر ڕێککەوتنەکە و سازش بۆ دەوڵەتی تورک دەڵێت، کە تا ئەمەریکا ئاو لە ئاشی پەدەکە و تورکیا بکات شەنگال ئارام نابینێت، هەروها دەڵێت، کە هەرچەند ئەوە ڕاستییەکی تاڵە بۆ تورکیا و بەشێک لە وڵاتان، بەڵام ئەوەی شەنگالی پاراست گەریلاکانی پەکەکە بوون.
لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٠، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنێکیان دژی شەنگال ئەنجامدا، ڕێککەوتنەکە لەلایەن خەڵکی ئێزدی و دانیشتوانی شەنگال ڕەتکرایەوە.
نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی ئەمەریکی مایکل ڕۆبن، لە وتارێکدا بە وردی باس لە لایەنە نەرێنییەکانی ڕێککەوتنەکە دەدات و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەگرێت لەبەرامبەر کورد و گەلی شەنگال، دەشڵێت: ئەو ڕێککەوتنە مردووە.
ڕۆین، لەبارەی پەکەکە و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالانەوە دەڵێت: ڕەنگە تورکیا پێداگیری لە سەر ئەوە بکات کە ئەو گروپانە تیرۆریستن، بەڵام لە ڕاستیدا نیشانیان داوە کە ئەوان لێهاتووتر و پێشکەوتووترن و زیاتر بایەخ بە ویست و خواستی خەڵکەکە دەدەن، ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بیری لێنەکردووتەوە ئەوەیە کە فەلسەفەی دامەزرێنەری پەکەکە عەبدولا ئۆجەلان، چوارچێوەی پەکەکەی تێپەڕاندووە و دەنگدانەوەیەکی فراوان لە نێو کوردانی سوریا و عێراق و ئێران داوەتەوە.
دەقی وتارەکەی مایکل ڕۆین
پسپۆڕان بەر لە لابردنی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، گرەویان لە سەرئەوە دەکرد کە کەرکوکی فرە ئەتنیک و دەوڵەمەند بە نەوت دەبێتە خاڵی گڕگرتن و شوێنی سەرهەڵدانی گرژی و ئالۆزی. بەڵام دەستوری ئیراق لە ساڵی ٢٠٠٥ مادەی ١٤٠ی بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە ترخان کرد کە هەرگیز جێبەجێ نەکرا.
کەچی شەنگال بوو بە تیشکۆی گرژی. لە سەروبەندی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە سەر شەنگالدا گرت، کاتێکیش داعش لە ناوچەکە نزیک بوویەوە، خەڵکەکە داوایان کرد کە هەبوونی پێشمەرگە پتەوتر بکرێت و چەک بە سەر ئێزدیەکاندا دابەش بکرێت تا بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەوسای ئەنجومەنی پاراستنی نیشتمانی و سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم هەر دووکیانی ڕەت کردەوە، سەرئەنجام کاتێک داعش هێرشی کرد، پێشمەرگەکانی بارزانی هەروا بە ئاسانی هەڵاتن و خەڵکی ئێزدی بێچەکیشیان بەتەنیا بەجێهشتن، تا ڕووبەڕووی چارەنووسەکەیان ببنەوە کە ئەویش گۆڕە بە کۆمەڵەکان و کۆیلایەتی سێکسی بوو.
ئەو کارەی پارتی کردی ناتوانرێ ڕەش بکرێتەوە یان پشتگۆێ بخرێ، هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بانگەشەی ئەوە بکەن کە داعشیان تێکشاندووە، بەڵام لە ڕاستیدا حەشدی شەعبی شیعەکان بەشێکی زۆری موسڵ و ناوچە سونە نشینەکانی دیکەی ئیراق ڕزگار کرد، کەچی گروپە کوردەکانی سەر بە پەکەکە بەشی زۆری شەنگالیان لە چنک داعش دەرهێنا، لەوانەیە ئەمە ڕاستیەکی بێزارکەر بێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی ئیراق، بەڵام بۆ ئێزدیەکان ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
ڕاستیەکی تریش ئەوەیە کە کاتێک داعش هێرشیان کردە سەر زێدی ئێزدیان و هەڕەشەی پێشڕەویان بەرەو هەولێر کرد، سیاسەتمەدارانی پارتی خێزانەکانیان دەرپەڕاند بۆ ئەوەی ئازاریان بەر نەکەوێ، لە کاتێکدا پەکەکە ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ قوتارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی کردەوە.
ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیراق سەبارەت بە شەنگال بە هەوڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆمەککردنی عێراق واژوو کرا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بەم لێدوانە پاڵپشتی لێکرد:”ئاواتەخوازین کە ڕێکەوتنەکەی ٩ی مانگی ئۆکتۆبەر هەلومەرجێکێ هاندەر بۆ بوژاندنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی پارێزراو ئارەزوومەندانەی لێقەوماوانی ناوچەکە بخوڵقێنێ. هەروەها بەرژەوەندی شەنگالیەکان، بەتایبەتیش قوربانیانی جینۆسایدەکە دەبێ کاکڵی هەر پلانێک بێت کە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامیەکی سەقامگیر دادەڕێژێ..
ئەم گۆتارە گۆتارێکی بێسوود و نەزۆکە، چونکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بری ئەوەی ڕێز لە هەست و سۆزی خەڵکی ناوچەکە بگرێ، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ئێزدیەکانی کردووە بە قۆچی قوربانی ئەو بەرژەوەندیانەی کە بە پلەی یەکەم بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەکانی شنگال، بۆ نمونە جێگری یەکەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە جۆوی هوود داکۆکی لە ڕۆڵی تورکیا دەکات لە ئاییندەی شنگالدا، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەستی تورکیا بە هێز دەکات و ڕەواییش بە شەڕانگیزیی و پێشلکاریەکانی دەبەخشێت بۆ سەر سەرەوەری عێراق.
هەروەها بۆ ڕازیکردنی تورکیا بەندێک لە ڕێكەوتنەکەدا دانراوە کە پەکەکە و گروپەکانی سەر بەو ڕۆڵیان نەبێ لە ناوچەکەدا و مافیش بە حکومەتی عێراق دراوە، کە داوا لە هەر کەسێکی غەیری عێراقی بکات شنگال بەجێ بێڵێ، بە سادەیی قەدەغەکردنی هەر لایەنێکی عێراقی سەرپشکردنی بەرژەوەندیە دەرەکیەکانە بەسەر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی خۆجێییەوە .
ئەمەو بڕیاری دامەزراندنی هێزێکی ئەمنی خۆجێیی ٢٥٠٠کەسی بەهەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەلای نیشتەجێیانی شەنگال ڕێدانە بە پارتی دیموکراتی کوردستان تا هێزە ئەمنیەکە لە ناوچەکەیان دامەزرێنێ کە وەکو ئەوە وایە دەسەڵاتی ڕەتکردنەوەی ئەندامانی ئەرتەشی تایوان بدرێتە چین یان ڕوسیا ماندێتی بە سەر دامەزراندنی هەر ئەفسەرێکی ئەرتەشی پۆلۆنیدا هەبێ.
لەوانەیە هوود و کەسانیتر لە ڕەواڵەتدا ئیدانەکردنی ئەنقەرە و هەولێر سەبارەت بە گروپەکانی سەر بە پەکەکە پەسەند بکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا سەرکۆنەکردنەکە نادروست و درۆزنانەیە، چونکە ئەو گروپانە ئەو کاتە لە شەنگال دامەزران کە پارتی هەڵهات و دەسەڵاتی ناوەندی بە پارێزگای نەینەواشەوە بوونیان نەبوو، ئەگەر جارێکی دیکە پێشمەرگە شەنگال بە ناوی بارزانی و دەسەڵاتی تورکیاوە بەرێوە ببەن، شیمانەکراوە کە وەکو داگیرکەران سەیر بکرێن و ببنە هۆی نائارامی زیاتر…
ئەوەی هەولێرو ئەنقەرە و لەوانەیە لایەنگرانی تورکیاش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای نیگەران کردووە ئەوەیە، کە ئەوەی لە شەنگال ڕوویداوە تەنیا بەوێوە سنووردار نابێت، هەروەها ناکارایی بەغدا، گەندەڵی لە کوردستانی عێراق، سەرکردایەتی نالێهاتووانەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و سەرنەگرتنی ئەلتەرناتیڤەکانی چاکسازیی لە سلێمانی، وا لە لق و شاخەکانی پەکەکەی کردووە کە نشونەما بکەن، چونکە خۆیان لە تیر و هۆزگەرایی و گەندەڵی بە دوور دەگرن، لەوانەیە تورکیاش پێداگیری لە سەر ئەوە بکات کە ئەو گروپانە تیرۆریستن، بەڵام لە ڕاستیدا نیشانیان داوە کە ئەوان لێهاتووتر و پێشکەوتووترن و زیاتر بایەخ بە ویست و خواستی خەڵکەکە دەدەن. ئەوەی وەزارەتی دەرەوە بیری لێنەکردووتەوە ئەوەیە کە فەلسەفەی دامەزرێنەری پەکەکە عەبدولا ئۆجەلان چوارچێوەی پەکەکەی تێپەڕاندووە و دەنگدانەوەیەکی فراوان لە نێو کوردانی سوریا و عێراق و ئێران داوەتەوە.
کێشە گەورەکە لێرەدا شاردراوەتەوە: تاکو سیاسەتی ئەمەریکا ئاو لە ئاشی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان و بارزانی لە کوردستانی عێراق بکات هەوڵەکان بۆ سەرخستنی بەرپرسیارێتی و سەقامگیری دوا دەکەون کە حوکمڕانیەکی باش دەتوانێ لەگەڵ خۆیدا بێنێت. ئەگەر تیمەکەی وەزیری دەرەوە مایک پۆمپیۆ لە عێراق داکۆکی لە ئیزدیەکان بکات و بە پارتی و حکومەتی ناوەندی عێراقیش بڵێت کە باشترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی لق و شاخە خۆجێیەکانی پەکەکە، ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و کۆتاییهێنانە بە خزم خزمێنە( نیپۆتیزم)، هەروەها خۆیان چاک بکەنەوە و کاری باشتر لە ڕەقیبەکانیان بکەن، ئەو کاتە بناخەی ئەمن وئارامی و گەشەکردن دادەمەزرێ کە نەک تەنیا شنگال، بەڵکو سەرانسەری کوردستانی عێراق و دەشتەکانی نەینەواش دەگرێتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە کە لەسەر داهاتوو ورد بینەوە، نەک داوا لە عێراقیەکان بکرێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە دۆخی پێشووتر و دان بەو کەموکوڕیە( نشوستیە) ئەخلاقیانەی هەوڵەکانی ئەمەریکاشدا بنێین کە بۆ لاوازکردنی بەرێوەبەرایەتی شەنگال دەدرێن کە بە هیچ شێوەیەک لە هەوڵەکانی جێمز جێفریی نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ جیا ناکرێنەوە کە بۆ بێهێزکردنی خۆبەربەرێوەبەری کوردان لە سوریا دەدا، ئەو بریارەی کە تا ئێستاش ئەمەریکا باجەکەی دەدات بە هۆی
دەستپێکردنەوەی یاخیبوون و بەهێزکردنی نەیارەکان….
ئامادەکردن و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی
د.ع