مایک پۆمپیۆ: ڕێگە نادەین تورک کوردەکانی سوریا سەرببڕن

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە بەشێک لە بەرنامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەیە کوردەکانی سوریا بپارێزێت و ڕێگە نادەین سوپای تورکیا کوردەکان سەرببڕن.


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزماکس، کە دوێنێ ئەنجامدرا، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باسی سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر کوردەکانی سوریا کرد.

مایک پۆمپیۆ وتی: ئەمریکا دڵنیایی و گەرەنتی دەوێت، کە سوپای تورکیا کوردەکان سەرنەبڕن کاتێک سوپای ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە پاراستنی کەمینەکانی دیکەش کردوە لە سوریا، کە دەبێت بپارێزرێن، ئەو وتی: نەکوشتنی کوردەکان بە دەستی تورکەکان و پاراستنی کەمینەکانی سوریا بەشێکە لە بەرنامەی ئەمریکا. 

پۆمپیۆ لەسەر کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زانیاریی نەدا و ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە دژبەرەکانی ئەمریکا ئەوە نەزانن، کە سەربازەکانی ئەمریکا چ کاتێک دەکشێنەوە. 

سەرۆکی ئەمریکا دوناڵد ترامپ مانگی ڕابردوو، ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان لە سوریا دەکشێننەوە، بەڵام ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەکی بووەوە و وەزیری بەرگری و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان لەکار کشایەوە و دوای ئەوەش ترامپ پاشەکشەی کرد و ڕایگەیاند، کە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا چەندین مانگی دەوێت. 


ک.ک