محەمەد ئۆجالان: بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سیاسییە

محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان، دەڵێت بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی گۆشەگیرکردنی براکەی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مافەکانەوە نییە.


لەبارەی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ تاوتوێنەکردنی دۆسییەی ئەشکەنجەی سەر ئیمرالی و هەروەها پشتگوێ خستنەکانی کۆمیتەی ڕێگرییکردن لە ئەشکەنجە- سی پی تی، محەمەد ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار کردووە.

ئۆجالان دەڵێت: بەپێی یاسا هەموو سزادراوێک ئەو مافەی هەیە خانەوادە و پارێزرەکانی ببینێت، بەڵام ئەو یاسایە لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە جێبەجێ ناکرێت، سێ ساڵە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە نییە، نازانین دەژی یان ناژی، ئەو دۆخە سنوورەکانی گۆشەگیریی تێپەڕکردووە، بە بەهانەگەلی جیاواز داواکارییەکانمان بۆ سەردانی ڕەتدەکەنەوە.

 لەبارەی بڕیاری مافەکانی مرۆڤ بۆ تاوتوێ نەکردنی کەیسی ئەشکەنجەی سەر ئیمرالی بەو بەهانەیەی ئەوەندەی پێویست بەڵگە لە بەردەست نییە، محەمەد ئۆجالان وتی: ئەو بڕیارە دژی ڕاستییەکانە، ئەگەر مافێک بۆ هەمووان دیاریکراوە، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالانیش بگرێتەوە، بەڵام بڕیارەکان و چالاکییەکانی سی پی تی و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پەیوەندییان بە مافەکانەوە نییە، ئەو بڕیارە سیاسییە، ئەگینا چۆنە نابینن کە ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە ئۆجالانەوە بە دەست نەگەیشتووە.

لە بەردەوامیی قسەکانیشی دا وتی: ئەگەر سەیری گەلەکۆمەی ٩ی ئۆکتۆبەر بکەین، دەبینین، کە ئەوروپا چۆن بەپێی بەرژەوەندیەکانی دەجوڵێتەوە، ئەوروپا نایەوێت پرسی کورد بە ڕێگایەکی دیموکراتییانە چارەسەربێت، بۆیە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سیاسییە.

محەمەد ئۆجالان، بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئۆجالان دەیەوێت ئاشتیی و دیموکراسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکبێنێت، نابێت کەس دژی ئەوە بوەستێت، لە بەرامبەردا پێویستە بە خێراترین کات گۆشەگیریی سەری لاببرێت، پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەردەکرێت.

ش.ف