مردن بە کۆرۆنا گەیشتە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەس

ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا لە چین گەیشتە زیاتر لە هەزارو ٦٠٠ کەس، توشبووانی ناو کەشتییە لەنگەرگرتووەکەی ژاپۆنیش تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت.


تا دێت ژمارەی گیانلەدەستدا بە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا بەرزتر دەبێتەوە، بەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی چین نوێترین ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ڤایرۆسەکەیان بڵاویانکردەوە کە تیایدا ١٤٢ کەس گیانیانلەدەستداوە، بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکەوە تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەزارو ٦٦٥ کەس و ٦٨ هەزارو ٥٠٠ کەسیش توشی ڤایرۆسەکەبوون.

لەلایەکی ترەوە تا دێت ڕەوشی سەرنشینانی کەشتییە لەنگەرگرتووەکەی ژاپۆن خراپتر دەبێت کە لەڕۆژی ٥ی ئەم مانگەوە لە دورگەیەکی یۆکۆهامای نزیک لە تۆکیۆ بە سێ هەزارو ٧٠٠ کەسەوە لەنگەری گرتووە.

وەزیری تەندروستی ژاپۆن کاتسۆنۆبۆ ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە ژمارەی توشبووانی ناو کەشتییەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٣٥٥ کەس.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانەی کە لەناو کەشتییەکەدا گیریان خواردووە بۆ وڵاتی خۆیان.

دوێنێش بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی کیشوەری ئاسیاش یەکەم حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە پاریس تۆمار کرا کە گەشیارێکی چینی تەمەن ٨٠ ساڵان بوو.

وڵاتان بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە بەردەوامن لە سنوردارکردن و پچڕاندنی هاتووچۆ لەگەڵ چین بەتایبەت هەرێمی هوبای کە ڤایرۆسەکە تیایدا تەشەنەی کردووە.

لە ئێستادا هەر هاوڵاتییەک لە چینەوە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆماوەی ١٤ ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشكیدا دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی دڵنیا دەبنەوە لە توشبوون یان توش نەبوونی بە ڤایرۆسەکە.

زۆربەی کۆمپانیاکانی هەرێمی هوبای کاروباری ناو کارگە و نوسینگەکانیان هەڵگرتووە و کارمەندەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە لەوێوە کاروبارەکانیان بۆ هەڵدەسوڕێنن.

تا ئێستا ٦٠٠ کەس لە زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیاوازەوە جگە لە چین ڤایرۆسی کۆرنایان تێدا تۆمار کراوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی چین ڤایرۆسی کۆرۆنایان بە کۆفید ١٩ ناساند.

ک.س