ململانێكانی ڤەنزوێلا قوڵتر دەبنەوە

لە دواین پێشهاتەكانی پەیوەست بە ڤەنزوێلا، خوان گوایدۆ، جەختدەكاتەوە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریكا بۆ ئەوەی نیكۆلاس مادۆرۆ لە دەسەڵات دوربخاتەوە ئەگەرێكی كراوەیە، ئەمریكاش دوپاتیدەكاتەوە كە پێویستە مادۆرۆ دەسەڵات ڕادەست بكات و وڵات جێبهێڵێت، ڕوسیاش هۆشداری لە دروستبوونی كارەسات دەدات ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە ڤەنزوێلا بكرێت.


قەیرانی ڤەنزوێلا، ڕۆژ بەڕۆژ قوڵَتر دەبێتەوە و لە دواین گۆڕانكارییەكانی تایبەت بەو وڵاتەش خوان گوایدۆ، سەرۆكی پەرلەمانی ڤەنزوێلا، كە لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا خۆی وەك سەرۆك ناساند ڕایگەیاند، بە دووری نازانێت داوای دەستێوەردانی سەربازی لە ئەمریكا بكات بۆ ئەوەی نیكۆلاس مادۆرۆ لە دەسەڵات دووربخاتەوە.

هەر لەو بارەیەوە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، گوایدۆ وتی: ئامادەی هەر كارێكە بیكات بۆ ڕزگاركردنی خەڵكی وڵاتەكەی، لەوانەش پەسەندكردنی دەستێوەردانی سەربازی سوپای ئەمریكا لە قەیرانی ڤەنزوێلادا، بۆ ئەوەش "هەرشتێك پێویست بێت دەیكەین، بابەتەكە جێگەی مشتومڕە، بەڵام بۆ پاراستنی سەروەری و دەسەڵاتمان هەر شتیك پێویست بێت دەیكەین".

ئەمەش لەكاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمەریكا، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وڵاتەكەی ڕایگەیاند بوو، "ڕەوانەكردنی هێز بۆ ڤەنزوێلا یەكێكە لە بژاردەكان و لە داهاتوودا لە بەرچاو دەگیرێت".

دەستوەردانی ئەمریكا لە پرسی ڤەنزوێلادا دوای ئەوەدێت، كە بەهۆی هەڵبژاردنی نیكۆلاس مادۆرۆ، بە سەرۆكی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٨دا ئابوری ڤەنزوێلا ڕووبەڕووی هەڵئاوسانێكی گەورە بوەوە و هەروەها كێشەكانی كەمی خزمەتگوزاری و بڕینی بەردەوامی وزەی كارەبا و كەمی خۆراك و دەرمان و هەژاری، قەیرانێكی سیاسی مەترسیداری لە ڤەنزوێلا دروستكرد، كە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوان، هەروەها پێداگری مانەوەی مادۆرۆ لەدەسەڵاتدا و پشتیوانی چەند وڵاتێكی وەك ڕووسیا و چین و توركیا و چەند وڵاتێكیتر لەو سەرۆكە، وایكرد ئەمریكا و وڵاتانی تر دەستوەردان بكەن و كار بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا بكەن.

لەنوێترین هەڵوێستیشدا، ئلیوت ئەبرامز، نێردەی ئەمریكا بۆ ڤەنزوێلا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا دووپاتیكردەوە، بۆئەوەی پرۆسەی دیموكراسی لەڤەنزوێلا پەیڕەو بكرێت باشتروایە، نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەسەڵات ڕادەست بكات و وڵات جێبهێڵێت.

ئەبرامز ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر مادۆرۆ وڵات بەجێبهێڵێت ئەوا ژمارەیەك وڵات ئامادەن داڵدەی بدەن.

لێدوانەكانی خوان گوایدۆ و هەڵوێستی ئەمریكا لە بارەی ڤەنزوێلاوە و ئەگەری بەكارهێنانی هێز بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕوسیاوە بێ وەڵام نییە و لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی باڵای ڕوسیا چەند جارێك هۆشداری توندیانداوە لە دروستبوونی كارەسات ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دەسەڵات لە ڤەنزوێلا بەكار بهێنرێت.

لەلایەكیترەوە سەرەڕای ئەو قەیرانە مرۆییەی كە ڤەنزوێلای گرتووەتەوە، بەڵام بەبڕیاری نیكۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا، حكومەتی ئەو وڵاتە وەرگرتنی هەر جۆرە یارمەتییەكی مرۆیی ڕەتدەكاتەوە، بۆ ئەوەش سوپا لە چوارچێوەی فەرمانەكانی سەرۆكی ئەو وڵاتەدا ڕێگای سنووریی نێوان ڤەنزوێلا و كۆڵۆمبیای داخستووە تا ڕێگریی بكات لە گەیشتنی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی كە هەندێك وڵاتی وەك ئەمریكا، دەیانەوێت بۆ پاڵپشتیكردن لە خوان گوایدۆ لە ڕێگەی كۆلۆمبیاوە بینێرن.

سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كە نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا، هاوكارییە مرۆییەكان ڕەتدەكاتەوە و ڕایگەیاندوە كە ئەوان دەرۆزەكەرنین تاوەكو ئەو هاوكارییە مرۆییانە پەسەند بكەن.

لە دوای ئەوەی خوان گوایدۆ، خۆی وەكو سەرۆكی ڤەنزوێلا ناساندوە تا ئێستا  ئەمریكا و نزیكەی ٤٠ وڵاتیتر گوایدۆیان وەك سەرۆكی ڤەنزوێلا پەسەند كردووە و لە بەرامبەریشدا ڕوسیا و چەندین وڵاتیتر بەردەوامن لە پشتیوانیەكانیان بۆ نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا.

بە پێی وتەی بەرپرسێكی كۆشكی سپی-ش، ئەمریكا بەردەوامە لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ كانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكەكانی ناو سوپای فەنزوێلا بۆ ئەوەی دەستبەرداری فەرمانەكانی مادۆربن و پشتیوانی لە گۆایدۆ بكەن.

ڤەنزەوێلا یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە لە ئەمریكای لاتین، ئەویش بەهۆی بوونی یەدەگێكی زۆری نەوتەوە كە دەوترێت گەورەترین یەدەگە لە جیهاندا، بەڵام لە سایەی حكومی سەرۆكی پێشووی كۆچكردووی ڤەنزوێلا، هۆگۆ چاڤێز - كە لە ساڵی ٢٠١٤دا كۆچی دوایی كرد و نیكۆلاس مادۆرۆ جێگەی گرتەوە، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و قەرزی زۆر بوونە هۆی داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە و بەم دۆخەی ئێستای گەیاندوون.

س.ح