ڕۆژنامەی مۆڕنینگ ستاری بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، تورکیا بە تاوانی جەنگ تومەتبارکراوە، چونکە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی گەریلا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.
لە ماوەی زیاتر لە ساڵێكی ڕابردوودا، دەوڵەتی تورك دەیان جار چەكی كیمیایی لە دژی گەریلاكانی كوردستان و گوندەكانی باشوری كوردستان بەكارهێناوە.
لەوبارەیەوە، ڕۆژنامەی مۆڕنینگ ستاری بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا دوێنێ ٢٠ی ئایار بڵاویکردەوە، دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٤٤ جار چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، بۆ لێدان لە بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە سنورەکانی زنجیرە چیای ئاڤاشین، مەتینا و زاپ، کە بەناوچەی پاراستنی مەدیا ناسراون.
ڕۆژنامەی مۆرنینگ ساتر لەزاری بەرپرسێکی پەکەکەوە نوسیویەتی: تورکیا بەبەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات و کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی مەترسیدار دەخوڵقێنێت.
ئەو بەرپرسەی پەکەکە ئەوەشی وتووە: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەیان جار لە ڕۆژێکدا، هێرشێكی باوەڕپێکراو و ئاسایی نییە، نابێت لەلایەن هیچ کەسێکیشەوە بە دۆخێکی ئاسایی تەماشابکرێت، ئەوە تاوانی جەنگە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای داگیرکەری تورک لە هێرشەکانیاندا بەردەوام تێکدەشکێن بۆیە پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە دژی گەریلاکان.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوە کردووە، سوپای تورک ٢٧ جار بەچەکی کیمایی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی گردی جەهەنم و شەهید شاهین کەناوچەی بەرخودانی پەکەکەن.
س.س