مەترسیدارترین شانەی نهێنی داعش دەستگیرکرا

مەترسیدارترین شانەی نهێنی چەتەکانی داعش کە سێ ژنیشیان تێدایە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستگیرکرا، چەتەکان دانیان بەوەداناوە کە فەرمانەکانیان لە سەرچەتەیەکی داعش لە تورکیا وەرگرتووە.


دامەزراوەی ئاسایشی گشتی سەربە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شانەیەکی نهێنی چەتەکانی داعشیان لە ڕەقا دەستگیر کردووە کە لە ١٤ چەتە پێکدێت و سێ ژنیشیان تێدایە.

بەپێ دانپێدانانی ئەو چەتانە، هەندێک لە ئەمیرەکانی داعش کارەکانی ئەو شانەیە و شانەکانی دیکە لە ناوخۆی تورکیاوە بەڕێوە دەبەن و ئەرکی ئەندامانی شانەکە بەپێی شوێن و کات گۆڕدراوە، کە بریتین لە دروستکردنی شانەکان، هێنانی چەتە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی سەربە تورکیا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، هەندێکیشیان چەک و تەقەمەنی دابین دەکەن و هەندێکیشیان ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئەندامانی شانەکان لە ناوچەکان دەکەن.

سەرچاوەیەک لە دامەزراوەی ئاسایشی گشتی سەربە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕەقا بە ئاژانسی هاواری ڕاگەیاندووە: زۆربەی چەتەکانی ئەم شانە دەستگیرکراوە، لەو چەتانەن کە لە دەستپێکەوە بەشداری داعش بوون و لە بوارە جیاجیاکان کاریان کردووە و بەشدارییان لە زۆربەی شەڕەکان کردووە، کردەوەی ئەو شانەیە تەنیا سنووردار بە کردەوە تیرۆریستیەکانەوە نەبووە و کاری قاچاخچێتی، ڕفاندن و دزی-شیان کردووە.

سەرچاوەکە هەروەها ڕایگەیاندووە: دامەزراوەی ئاسایشی گشتی لە ماوەی سێ مانگدا جموجوڵی ئەندامانی ئەو شانەیەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ و لە کۆتایی دەستگیریان کردوون.

ک.س