مەترسی مردنی ئەندامەکەی تەڤگەر لەئارادایە و ئاسایش بڕیاری دادوەریش ڕەتدەکاتەوە

ئیدریس سەلیم، کەمئەندامی سەنگەر، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، زیاتر لە هەشت مانگە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە، پارێزەرەکەی دەڵێت، ئەگەری گیان لەدەستدانی لە ئارادایە، هاوکات باس لە ڕێگرییەکانی ئاسایش دەکات کە بڕیاری دادوەریشی ڕەتکردووەتەوە بۆ بینینی ئیدرس سەلیم.


ئیدریس سەلیم، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستانە و دانیشتووی شاری هەولێرە، لە ٨ی مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٩ـەوە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركراوە، سەرباری هەوڵ و چالاكییە مەدەنییەكانیش بەڵام تاوەكو ئێستا ئازاد نەكراوە و لایەنی فەرمیش هۆکاری زیندانی کردنەکە ناخاتەڕوو، دەربارەی نوێترین زانیاریی لەسەر کەیسەکە، گۆران دیبەگەیی پارێزەری كەیسەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

گۆران باس لە ڕێگرییە نایاساییەکان بۆ بینینی ئەو زیندانییە دەکات و دەڵێت: دوای ئەوەی كەمن وەكو پارێزەری ئدریس سەلیم مەخموری دەست بە كاربووم لە كەیسەكەی، ڕێگا پێدانم لەلایەن  كوڕەكەی وەرگرت، دوای ئەوەش كە دادوەری بەڕێز فەرمانی پێكردین كە سەردانی گرتوخانەی ئاسایش بكەین بە مەبەستی دیتینی ئدریس سەلیم، بەڵام لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بە بیانووی ئەوەی دەبێت بریكار نامەیەكی سزای تایبەت هەبێت ڕێگایان نەدا، دواتر داواکەی ئاسایشمان بەڕێکرد، بەڵام جارێکیتر ئاسایش ڕێگای نەدا بیبینین.

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەش دەکات، کە ئەو تا ئێستا نەیتوانیوە ئیدریس سەلیم ببینێت، دەشڵێت:"بەپێی زانییارییەکانی ئێمە دۆخی مام ئدریس لە مەترسیدایەوە مەترسی گیان لە دەستدانی هەیە، بۆیە ئێمە داواكارین لە هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەهانای  ئەو كەیسەوە بێن و هەروەها ئاسایش ڕوونكردنەوەیەك بدەن هۆكار چییە ڕێگا نادات مام ئیدریس ببینین.

س.ح