مەترسی هەیە داعش مەخمور داگیربکاتەوە

داعش لە مەخمور خۆی ڕێکدەخاتەوە، هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن، کە داعش مەترسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە و چەند خولەکێک لە ناوەندی مەخمورەوە دوورن، بەرپرسێکی حزبیش بەگومانەوە دەڵێت، دیار نییە داعش چۆن خواردنیان پێدەگات!، هەروەها باس لەوە دەکات، کە دەستی وڵاتانی هەرێمییان لە پشتەوەیە و کەی بیانەوێت ئاڵۆزیی دەخنەوە عێراق.


هەرچەندە کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و سوریا ڕاگەیەندرا، بەڵام لە عێراق و باشوری کوردستاندا جوڵەیان دەستپێکردووەتەوە، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی، کەرکوک، موسڵ و دیالە، تا ئێستاش جگە لە ئۆپەراسیۆنی ناوبەناوی سوپای عێراق، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە.

شارۆچکەی مەخمور، کە کەمتر لە ١٠٠کم، لە شاری هەولێرەوە دوورە، لە ئێستادا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە مەترسیی زۆریی لەسەرە، بەپێی قسەی هاوڵاتییەکی سنوورەکە بۆ ڕۆژنیوز، چەتەکان نزیکەی دەخولەک لە مەخمورەوە دوورن، بەردەوام دەغوڵودانی هاوڵاتیانی سنوورەکە دەسوتێنن و بە ئاشکرا دەگەڕێن، کە لە ئێستادا و دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق لە سنوورەكەیە و ئاسایش ئەوان لێی بەرپرسن، ئیدارەی شارەكە گەڕاوەتەوە و هەمان ئیدارەی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەرە.

یەکێک لە مەڕدارانی سنوورەکە، کە بەهۆی مەترسییەکانی سەر ژیانییەوە نەیتوانی بە ئاشکرا ڕووبەڕووی کامێرا بدوێت، لەسەر ئەو دۆخەی لە دەوروبەری مەخموردایە دەڵێت: ئێستا ئێمە لە شارۆچكەی مەخمورین و دۆخمان زۆر خراپە، ناتوانین بە ئارەزووی خۆمان  لە سنوورەكە بگەڕێین و چەكدارانی داعش  دەغڵ و دانمان دەسوتێنن ئۆتۆمبێل و دەڕاسەمان دەسوتێنن.

 ئەو هاوڵاتییە داوایکرد، کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکەیان، چونکە پێی وایە، سوپای عێراق لە مەخمور ڕێکخستوو نیین و بێسەروبەرن، دەشڵێت، کاتێک پێشمەرگە لە سنوورەکە بووە ئەوان کێشەیان نەبووە.

ئەو هاوڵاتییە کە ناوەکەی لە ڕۆژنیوز پارێزراوە، باس لەوە دەکات، کە چەتەکانی داعش ١٠ خولەک لە مەخمورەوە دوورن، ئەو دەڵێت "هەر لە پشت سایلۆكەوە بە ئارەزووی خۆیان دێن و دەچن و كەس لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناكات، ئەوە ئێستا هاتوونەتەگوندەکانی 'گردە شین، مەلا غانی، گرگراو و كورتان دروو'، زۆر سەیرە، ئێستا لە چیای قەرچوغ  چەند هێز هەیە، لە سەرەوەی چیاکە پێشمەرگە و لە ناوەڕست داعش و لە خواروەی چیاكەش سوپای عێراقی لێیە، ئێمە نازانین ئەم فیلمە چۆن بەڕێوەدەچێت".

ناسر لەتیف، هاوڵاتییەکەی دیکەی مەخمورە، باس لەوە دەکات، کە هەبوونی چەتەکانی داعش لە چیای قەرەچوغ مەترسیی بۆ سەر گوندەكانی سنوورەكە دروستکردووە، "بەڵام تا ڕادەیەك ئەو مەترسیە لە ناو مەخمور كەمترە".

ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان- ی ن ک، لە مەخمور، باس لە ژمارەی چەتەکانی داعش لە سنووری مەخمور دەکات و دەڵێت: چیای قەرەچوغ یەكێكە لەو شوێنانەی كە ساڵێك دەبێت داعش تێیدامەشق و ڕاهێنان دەکات و خۆی ڕێک دەخاتەوە، ژمارەیان زیاتر لە 300 چەكدارە.

ڕەشاد گەڵاڵی زانیاری زیاتری دەربارەی چەتەکان لایە و ئاشکرای دەکات، کە چەتەکان زۆرینەیان عێراقین و بیانیشان لەگەڵدایە، هەروەها دەڵێت "سەرکردەکانیان ژنانی ئێزیدیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، كە سێ بۆ چوار ژن دەبن، هەروەها منداڵی بچوکیان لەگەڵدایە، چەکەکانیشیان هەمەجۆرن، لە نمونەی كڵاشینكۆف، بی كەی سی، قەناس و ئاڕ پی جی".

بەرپرسەکەی یەکێتی گومان لەوە دەکات، کە ئەو هێزانە بەکاربهێندرێن، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەو چەکدارانە بەكاردەهێندرێن، لە داهاتوودا لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراودا وڵاتانی هەرێمایەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەتوانن شڵەژانێك تووشی عێراق بكەن و ئەو كاتە ئەو ناوچانە زۆر بەئاسانی وەكو پێشتر دەكەونە ژێر دەستی چەكدارانی داعش.

رەشاد گەڵاڵی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێک بهێنێت دەپرسێت:"زیاتر لە ٣٠٠ چەکدار لە چیای قەرەچوغ چۆن دەژین؟، هەموومان دەزانین چیای قەرەچوغ ئاوی نییە و هیچ سەرچاوەیەكیش نییە بۆ ئامادەكردنی خۆراك، ئەم پرسیارە بۆ ئەو كەسانە بەجێدەهێلم و کە دلێنیام لە قسەكانم تێدەگەن!".

س.ح