مەحمود سەنگاوی هێرشی توند دەكاتە سەر پارتی

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هێرشی توند دەكاتە سەر مەسعود بارزانی و پارتی و دەڵێت، لەمەودوا هیچ سوكایەتییەك لەپارتی قبوڵ ناكەن، خەباتی یەكێتی لەسەرووی پارتییەوەیە.


لەمیانی ڕێوڕەسمی ڕێزڵینان لەژمارەیەك پێشمەرگەی دێرینی حزبەكەی لەگەرمیان، مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات:"حزبەكەی لەبەرخاتری میللـەت شتی زۆریان لەپارتی قبوڵكردووە، بەڵام لەمەودوا نە سوكایەتی قبوڵ دەكەن و نە خۆیان لەپارتی بەبچوكتر دەزانن، بەڵكو خەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەرووی پارتییەوەیە".


سەنگاوی دەشڵێت:"ئەو تاوان و خۆفرۆشانەی پێشمەرگەیان ڕادەستی بەعس دەكرد ئێستا لای مەسعود بارزانین و ئەویش هیچ شەرم ناكات خۆی لە یەكێتی بەگەورەتر دەزانێت".


لەقسەكانیدا مەحمود سەنگاوی ڕوو لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەكات و دەڵێت:"ئەگەربچوك نەبووایە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی وازی لەپارتی دەهێناو دەیوت سەرۆكی كوردە و چ كێشەیەكتان هەیە وەرنەلای من، نەیتوانی ببێتە پیاوێكی گەورە سەركردایەتی كورد بكات".


ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وتیشی:"ئەگەر سیاسەتەكانی پارتی هەر بەو شێوەیەبێت هیچ ڕێگرییەك نیە لەوەی ئیدارەی خۆمان دابنێن و نەوت و غازی خۆمان بفرۆشین، جارێكی تر قبوڵناكەین لەبەرئەوەی ئەوان نەوت بدزن لە عەینزالە خەڵكی ئێمە نیوە مووچە وەربگرێت، ئێمە پێمان وتوون و پێشیان دەڵێن ڕێگە نادەین جارێكی تر نیوە مووچە بدرێتە فەرمانبەران".


د.ح