مەحمود عوسمان: ئەردۆغان خۆی تیرۆریستە

مەحموود عوسمان لەپەیامێکیدا دەڵێت: ئەردۆغان ماوەیەکی زۆرە پیلانی هێرشی هەبووە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەناوی تیرۆرەوە بەڵام خۆی تیرۆریستە.


د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان، بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژائاوای کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لەپەیامەکەی مەحموود عوسماندا هاتووە:" خوشک و برایانم لە ڕۆژئاوا بەکورد، عەرەب، ئاشوری، سریانی و هەموو پێکهاتەکان، سڵاوێکی گەرم، زۆر دڵتەنگ و پەژارەیە دڵمان بەو هێرشە ناڕەواییەی ڕژێمی ئەردۆغان بۆسەر ناوچەکە، کەماوەیەکی زۆر نیازی ئەو هێرشەی هەبوو، بەو نیازەی کە گوایە ئێوە تیرۆریستن، بەڵام خوودی خۆی تیرۆریستەو تیرۆریستی دەوڵەت بەکاردەهێنێت لەوڵاتی خۆی و لەدەرەوەش".

د.مەحموود ئەو کارەی ترامپ بە هەڵەیەکی ستراتیجی زۆر خراپ ناودەبات و دەڵێت:" دڵنیام ترامپ هەڵەیەکی ستراتیجی زۆر خراپی کردووە بۆ خۆیی و بۆ وڵاتەکەشی کە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا داگیرساند".

ئەو سیاسەتمەدارە شانازی بە شەڕڤانان دەکات و لەپەیامەکەیدا هاتووە:" بەرگریتان جێگای شانازییە، بەردەوامی بەرگریتان دژی ئەو داگیرکەرانە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەهەموو جیهان، وا دەکات ئەمریکا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، وادەکات ئەمریکا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، ئەگەری هەیە ترامپیش بۆچوونی خۆی بگۆڕیت و گڵۆپی سور بۆ ئەردۆغان دابگیرسێنێت".

د.مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری ناوداری باشوری کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕۆڵی پێشمەرگەو شەڕڤانان لەیەکخستنی کورد بەرز دەنرخێنێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە" چۆن لە شەڕی داعش شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا و پێشمەرگە لەباشور کوردتان یەکخست، ئەمجارەش ئەم هێرشە ناڕەوایەی تورکیا، کوردی یەکخستووەو هەمووان لەگەڵتانین، سەرشۆڕی بۆ داگیرکاری ئەردۆغان".

ب.ش