مەراسیمی تایبەت لەسەر گڵكۆی دیار غەریب كۆتایی هات

كۆتایی بەو مەراسیمە تایبەتە هات كە بە بەشداری هەزاران كەس لە توێژە جیا جیاكان لە باشوری كوردستانەوە، لە بناری قەندیل بەڕێوەچوو، لەسەر گڵكۆی شەهید دیار غەریب.


ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی بەو مەراسیمە هات كە هەزاران كەس لە توێژە جیاجیاكانی باشوری كوردستان، لە بناری قەندیلەوە بە ڕێپێوان چوونە سەر مەزاری شەهید دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسونگور.
 

 

دوای گەیشتنی هاوڵاتیان بە سەر مەزاری شەهید دیار غەریب، تاجەگوڵینەی هەریەكە لە تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، گوندی سێوسێنان، بنەماڵەی شەهید دیار غەریب، كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە، كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە، ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل و مامۆستایانی ئاینی لەسەر مەزاری شەهید دانرا.

هەروەها چەندین دروشمی وەك(ئێمە هاتووین بۆلای تۆ، پەیمان بدەین بە ڕۆحی تۆ، ئەركت بۆمان فەرمانە، بەردەوامیی تێكۆشانە، شەهید هەڵمەت نامرێ، پەكەكە تۆڵە)دەوترانەوە.

دواتر مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا وتاری كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە لایەن هۆزان داڵاهۆ، ئەندامی كۆمیتەكەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هەڤاڵ دیار غەریب وەك یەكێك لە پێشەنگە دیارەكانی شۆڕشی ئازادییمان، لە ماوەی ٢٥ ساڵی تێكۆشانی نەپساوەی خۆیدا، بە باوەڕیی و ئیرادەیەكی مەزنەوە، بە ڕەنج و فیداكارییەكی بێ سنوورەوە، بووە پێشەنگێكی هەڵمەتبەر و شۆڕشگێڕێكی ڕۆشنگەری ڕێگای ئازادیی.

ئەوەش هاتبوو: هەڤاڵی سەركردەمان هاوكات لەگەڵ بەجێهێنانی ئەركەكانی كۆنسەی سەرۆكایەتی و مەجلیسی پەكەكەدا، بەردەوام خەبات و تێكۆشانی باشوریشی بە سەرەكییترین ئەركەكانی زانیوە، لە بەرامبەر خەتی بەكرێگیراوێتیی دەسەڵاتخوازدا، هەمیشە پێشەنگایەتیی بۆ بەرخۆدانێكی نەتەوەیی-دیموكراتیی دەكرد، كەسێتیی هەڤاڵ هەڵمەت خوێندنگەیەكی مەزنی شۆڕشگێڕییە بۆ هەڤاڵانی گەلەكەمان و پێویست دەكات هەڤاڵانی و گەلەكەمان لە باشور و تەواوی كوردستاندا وانەی شۆڕشگێڕیی و هۆشمەندیی لێوە فێرببین.

پاشان وتاری كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە لەلایەن حەسەن جودییەوە خوێندرایەوە، كە تێیدا بەناوی سەرجەم بزووتنەوەی ئازادیخوازییەوە، سەرەخۆشیی خۆیانی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری شەهید دیار غەریب كرد و تێیدا هاتووە: هەرگیز دەستبەرداری تۆڵە سەندنەوەی خوێنی شەهیدان نابین.

هەروەها هاتبوو: هەرگیز دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان نابین، دوژمنان بە تەواوی هێزیانەوە هێرش بۆ سەر گەلەكەمان دەكەن و ئامانجیان قڕكردنمانە، بۆیە بۆ ئەوەی دوژمن بە ئامانجە چەپەڵەكانی نەگات هەڤاڵ هەڵمەت توانی بە بێ دوودڵی بەشداریی لەو تێكۆشانی گەلی كوردا بكات و پیلانی دوژمنان پوچەڵ بكاتەوە.

لەدرێژەی پەیامەکەی کەجەکەدا هاتبوو: هێزە داگیرکەرەکان ناتوانن هەرگیز بە ئامانجی خۆیان بگەن و ئێمەش وەک هەڤاڵ هەڵمەت بۆ ئەوەی شایستەی فەلسەفەی سەرۆک بین ڕیگا نادەین، کە داگیرکەران بمێننەوە و دەبێت ئەوە بزانین، کە تەڤگەری ئازادیی تەڤگەری تۆڵەیە و بە شەهیدان دەستی پێکردووە و بە شهیدان کۆتایی دێت و ئەم ڕێبازە ڕێبازیی ئاوا کردن و مسۆۆگرکردنی کوردستانێکی ئازاد و دیموکراسە.

هەروەها بەستا فورات، لە سەرناوی دەستەی سەرۆکایەتی کەجەکە وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: ئەو پیلانگێرییەی دەرحەق بە هەڤاڵ دیار و هاوڕێیانی کرا شەرمەزار دەکەین و هاوکات سەرخۆشی لە بنەماڵەکەی و تەواوی گەلەکەمان دەکەین، هەڤاڵ هەڵمەت پێشەنگی نەتەوەی دیموکراتی و سەرکردەی چوارپارچە و شاگردی ڕێبەر ئاپۆ بوو، ئەو پێشەنگی خەتی ئازادیی هەر چوارپارچەی کوردستان بوو، بۆیە ئەو پێشەنگایەتییە پیرۆز دەکەین.

بەستا، لە درێژەی وتارەکەیدا وتی: دیار غەریب، لە باشوری کوردستان و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تاکەکان و کۆمەڵگا زۆڕ ڕەنجی دا و لە سەر هێڵی سێیەم بوو، بە تایبەت لایەنگری ژنان، کرێکاران و سەرجەم خەڵک بوو و تاک بە تاکی پەروەردە کردووە، ئەو منداڵی هەرە هێژای ئەم کۆمەڵگایە بوو، پەکەکە پارتی شەهیدانە و ئەگەرچی بە شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت زۆر ئازارمان دی، بەڵام هاوکات شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت دەکەینە حرس و تووڕەیی و پێویست دەکات کە گەل بێ هیوا نەبێت و خاوەنداریەتی لە ڕێگا و ڕێبازەکەی بکات.

بەستا فورات، لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تۆڵەی دیار غەریب دەکەنەوە و وتی: تایبەتمەندی پەکەکە ئەوەیە کە تۆڵەی خۆی لە سەر هەموو هێڵەکان لە دوژمن دەکاتەوە و بەڵێن دەدەین، کە خەون و خەیاڵی بەرنادەین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتیک ئاوا دەکەین.

دواتر وتاری پارتی كرێكارانی كوردستان-پەكەكە لەلایەن گۆران عەلییەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: بانگ لە كوردستانیانی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكەین و بەتایبەتی باشوری كوردستان هەروەها گەلەكەمان لە هەندەران ژنان، گەنجان، ڕەنجدەران، هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموكراتەكان، هەركەسێك كە خۆی بە وڵاتپارێزی كورد دەزانێت و هەموو هێزە سیاسییەكان كورد، لە دژە هێرشە قڕكەر و فاشیستییەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر و كۆمەڵكوژییەكان بووەستنەوە و بە هێزەوە خاوەنداریی لە شۆڕگێر و وڵاتپارێزی گەورە هاوڕێ هەڵمەت بكەن.

لە بەشێكی دیكەی مەرسیمەكەدا وتاری كوردۆناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی كوردستان لەلایەن بانو هەڵەبجەییەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هەڤاڵ دیار غەریب لەسەر پێوانەكانی ئایدۆلۆژیای ژن و ئازادیی خۆی قوڵكردووەتەوە و پەیوەندیی هەڤاڵێتیی لەگەڵ هەڤاڵانی ژن دروستكردووە، بەردەوام تێكۆشاوە لە دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی و ژن كوژ.

پاشان لە لایەن ئازاد سەقزیەوە وتاری گەلی وڵاتپارێزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: هەڤاڵ هەڵمەت وەك تێكۆشەر، سیاسەتمەدار و بەرخۆدەرێكی قاڵبووەوەی تەڤگەری ئازادیی كوردستان، بە تەمەنێك ڕەنج و هەوڵدان، بووە ڕەمزی تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی یەكگرتوویی كوردستان و ڕێكخستنی ناوماڵی كورد، خەبات و ئامانجەكانی ببونە مەترسی بۆ داگیركەران.

وتاری ڕۆژئاوای كوردستانیش لەلایەن جیهان خەلیل پێشكەشكرا و تێیدا هاتبوو:بەئامانجگرتنی پێشەنگ دیار غەریب لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە و بەئامانجگرتنی كەسایەتیی وڵاتپارێزی كوردستان و كوڕی وەفاداری باشوری كوردستان ئەوە نیشان دەدات كە دەوڵەتی تورك بۆ بەرفراوانكردنی هێزی عوسمانیی خۆی نەك دوژمنایەتیی باشوری كوردستان دەكات بەڵكو دوژمنایەتیی تەواوی كوردستان دەكات.

لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا وتاری تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان لەلایەن شیلان شاكر هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادییەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: بەدرێژایی تێكۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت سووربوو لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی كۆمەڵگە تەبایی و بەڕێكخستنكردنی ڕامانە جیاوازەكان، بەمەبەستی یەكخستنی گەلانی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی گەلەكەمان، هەڤاڵ هەڵمەت هەموومانی قەرزداری خۆی كرد لە پێناو ئامانجەكانیدا، بۆیە تێگەیشتن لە هەڤاڵ هەڵمەت و بەردەوامبوون لە ڕێگاكەی و سووربوون لەسەر ڕێبازەكەی، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی كە بەشێك لە قەرزەكەمان بدەینەوە.

هەروەها مەلا سامان سەنگاوی مامۆستای ئاینییش وتارێكی پێشكەشكرد و وتی: سوپای توركیا دێن باشوری كوردستان داگیردەكەن سەركردەكانمان گیرفان پڕدەكەن ئەمڕۆ شاخی ئوحودی ئێمە قەندیلە چونكە ئەگەر گەریلا نەبن ژنەكانمان خوشك و كەسەكانمان وەك ئێزدییەكان لە باڕازەكاندا دەفرۆشرێت.

پاشان وتاری بنەماڵەی شەهید دیار غەریب لەلایەن ڕزگار غەریب-ی برای شەهیدەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: دیارە هەڤاڵ هەڵمەت هەر تەنیا ڕۆڵەی بنەماڵەكەمان نەبوو، بەڵكو بە ژیان و بە تێكۆشانی ۲٥ ساڵەی خۆی، بووە موڵكی گەلەكەی بۆ هەمووان ژیا و بۆ هەمووانیش گیانی خۆی لە پێناو ئازادیی و سەرفرازیی و یەكێتیی نەتەوەیی گەلەكەمان بەخشیی، ئێمەش وەك بنەماڵەی شەهید، خەون و ئامانجەكانی هەڤاڵ هەڵمەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێی ئازادیی كوردستان بەدیدەهێنین.

هەر لە مەرسیمەكەدا، سروودێك لەسەر شەهید دیار غەریب لەلایەن هونەرمەند جاسمی ساز پێشكەشكرا هەروەها سەردار قادر-ی شاعیریش شیعرێكی لەسەر شەهید دیار غەریب پێشكەشكرد.

لە كۆتایی مەراسیمەشدا. سەرجەم ئامادەبووانی مەراسیمەكە لەسەر مەزاری شەهید دیار غەریب، بەڵێنی بەردەوامبوون و درێژەدانیان بە ڕێبازی شەهید دووپاتكردەوە.

 

د.ح