مەسرور بارزانی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبوویەوە

مەسرور بارزانی، لەپەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری وزەی ئەمریکا و وەزیری بەرگریی عێراق و سەرۆک وەزیرانی بولگاریا کۆبوویەوە و چەندین تەوەری سیاسی و ئەمنی و ئابووری بابەتی کۆبوونەوەکان بوون.


ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کرد و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

یەکێک لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، لەگەڵ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکابوو،  مەسرور بارزانی، لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ لە تویتێکدا دەڵێت: لەگەڵ پۆمپیۆ هاوڕابووین کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستە لە ناوچەکە بمێننەوە. ئەمریکای هاوپەیمانمان بەشێکی گرنگن لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەتێکشکاندنی داعش بە یەکجاریی.

 مەسرور بارزانی لەگەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆک وەزیرانی بولگاریا کۆبوویەوە، بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی بولگاریا وتوویەتی: ئێمە کورد بە دۆستی خۆمان دەزانین، ڕەوەندێکی بەرچاوی کوردی لە بولگاریا هەن و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگەی بولگاریی هەیە، خواستی ئەوەمان هەیە پەرەی زیاتر بەپەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەین، بەتایبەتی لەبواری کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وزەدا.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی بولگاریا، مەسرور بارزانی بانگهێشتی بولگاریا کرد.

یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی عێراق بوو، تێیدا باس لەدۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کراوە، مەسرور بارزانی، بە وەزیری بەرگریی عێراقی وتووە، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکین بۆ عێراق، کە زۆرینە پشتیوانیی لێبکەن، هەروەها گفتوگۆیان کردووە لەبارەی گرنگی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی چەتەکانی داعش.

 یەکێک لە کۆبوونەوەکانی دیکەی بارزانی، لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا بوو، بەر لەکۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدرا و دان بروولیێت، وەزیری وزەی ئەمریکا وتی: باوەڕم وایە ئەمڕۆ ئاهەنگی موعجیزەیەک دەگێڕین، موعجیزەکەی ئێوە، بۆ ئەوانەشتان کە نازانن باسی کام موعجیزە دەکەم، وەکو ئێوە دەزانن کوردەکان چواردەوریان وشکانییە و لە چەقی ئەو ناوچەیەدایە، بەڵام ئەمڕۆ لە لیبیا زیاتر نەوت هەناردە دەکەن.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردساتان وتی: پێشتر پەیوەندی ڕاستەوخۆم لەگەڵ وەزیردا هەبووە و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەمان دەکەم، هیوادارم هاوئاهەنگییەکانمان لەبواری وزە لەگەڵ ئەمریکا زیاد بکەین.

 د.ع