مەسعود عەبدولخالق: ئەوەی تورکیا دەیکات دژی پەکەکە نییە دژی هەموو کوردە

مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی، لەسەر ئەو کۆبوونەوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەراوێزی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم ئەنجامیدا دەڵێت: دەبێت دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان ئەوەبزانن ئەوەی تورکیا دەیکات تەنها دژی پەکەکە نییە دژی هەموو کوردە.


دوێنێ لە پەراوێزی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.

لەسەر ئامانجی ئەو کۆبوونەوانە، مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی بە ڕۆژنیوزی وت: هەمیشە هێزە ئیقلمییەکان، کە لە هەرێمی کوردستان نزیک دەبنەوە نیازی خراپیان هەیە، هەرگیز نیازی باشیان نییە، تورکیا بەبێ ئەوەی حساب بۆ هیچ لایەنێک بکات هاتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت لایەنە کوردییەکان ئاگاداری ئەوەبن ئەوەی تورکیا دەیکات تەنها دژی پەکەکە نییە، دژی هەموو کوردە، پێشتر بە ئاشکرا بە حکومەتی عراقیان وت 'هەرکاتێک هێزەکانی ئێوە هاتنە ئەو شوێنەی هێزی ئێمەی لێیە ئێمە دەکشێینەوە'، هەروەها چەندین جار هەرێمی کوردستانیان بە زۆنگاو ناوبردووە، ناوی کوردستانیش ناهێنن.

لە کارنامەی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا، لێدانی سرودی ئەی ڕەقیب هەبوو، بەڵام دەوترێت لەسەر خواستی وەزیری دەرەوەی تورکیا سرودی ئەیڕەقیب لێنەدراوە، لەوبارەیەوە مەسعود عەبدولخالق، وتی، کە زانیاری وردی لەسەر ئەو بابەتە نییە، بەڵام دەڵێت: هەرجارێک بەرپرسێکی تورک دێتە هەرێمی کوردستان، دیمەنی دەسەڵاتدارانی کورد زۆر ناشیرین دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆر ئیحراج دەبن، دێنە هەرێمی کوردستان دەڵێن کەرکوک تورکمانییە کوردستانی نییە، هەروەها تەشهیر بە لایەنێکی کوردی دەکەن، بێئەوەی کەسێک بتوانێت وەڵامی بداتەوە.

دەشڵێت: دوێنێ ئەوەی غایب بوو لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا باسی دەوڵەتی کوردی و ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین بوو، تەنها د بەرهەم ساڵح، وتی کە 'هەتا مافەکانی کورد بەدەست نەیەت لەڕۆژهەڵاتی ناوڕاستا ئارامیی بەدی نایەت'، لەکاتی ئەم قسەیەشدا سەیری چاوشئۆغڵوی کرد.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە دەسەڵاتی کوردی لەڕابردوودا شتی خراپی زۆر بووە، بەڵام  پێی وابوو ئێستا لەگەڵ تورکیا و ئێران هاریکاریی ناکات دژی هێزێکی کوردی، لەبەر ئەوەی ڕای گشتی کوردستان ئەوە قبوڵ ناکات.

د.ع