مەسعود عەبدولخالق: پارتیش بەدەست تورکیاوە ئازار دەچێژێت

مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و چاودێری سیاسیی ئاماژە بەوە دەکات، کە داگیرکاریی تورکیا لە باشوری کوردستان و دروستکردنی ناوچەی بەناو ئارام لە ڕۆژئاوا یەک ئامانجی لەپشتەوەیە، دەشڵێت: پارتیش بەدەست تورکیاوە ئازار دەچێژێت، چونکە مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هەموو لایەک خراپە.


مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و چاودێری سیاسیی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، باس لە ئامانجی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات تیشکیش دەخاتە سەر گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور.

مەسعود عەبدولخالق، لە سەرەتای قسەکانیدا باس لە پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لەگەڵ تورکیا، کە ماوەی ٦٥ ڕۆژە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی مەخمور و دەڵێت: خودی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکەشی بە ئازارن لەگەڵ تورکیا، چونکە تورکیا هەڵسوکەوتی لەگەڵ هەموو لایەک خراپە، جاران کە ئێمە ئاوارەبووین خەڵکی باکور و ڕۆژئاوا زۆر هاوکارییان کردین، ئێستا ئێمە دەبێت هاوکاریی ئەوان بکەین نەک گەمارۆیان بخەینە سەر، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم کارە بەخواستی دەوڵەتێکی داگیرکەربێت.

مەسعود عەبدولخالق، هەبوونی پەیوەندیی ستراتیژیی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لەگەڵ تورکیا بە "گەورەترین هەڵە" ناودەبات و دەڵێت: دەکرێت وەک دوو دراوسێ مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، نەک سەروەت و سامانی خۆتی بخەیتە ژێردەست، چونکە تورکیا سەرقاڵی کارکردنە لەسەر ویلایەتی موسڵ و دەیەوێت ئەم ویلاتە زیندووبکاتەوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بە ئامانجە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لەسەر خاکی کوردستان و دەڵێت: تورکیا لەیەک کاتدا لە سێ پارچەی کوردستان ئۆپەراسیۆن و داگیرکاریی هەیە، ئەو هێزانەی کە هێناویەتییە باشوری کوردستان هەمان ئامانجی دروستکردنی ناوچەی بەناو ئارامیان هەیە لە ڕۆژئاوا، دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەهیچ نەگات، چونکە کێشەی بنەڕەتیی لەگەڵ کورد هەیە و تەنها لەپێناو دژایەتیی کورد-دا یەکێتیی خاکی عێراق و سوریا بە یەکێتیی خاکەکەی خۆی دەزانێت.

یەکێتیی کوردیش بەگرنگ ناودەبات و دەڵێت: دوژمن بەیەک چاو سەیری هەموومان دەکات، دەبێت ئێمەش بەوشێوەیە تەماشای خۆمان بکەین کە یەک چارەنووسمان هەیە، گرنگە هاوشێوەی کۆمکاری عەرەبی کۆمکارێکی کوردیش هەبێت، کە تێیدا حزبەکانی کوردستان هاوکاری یەکتربن، کەس گروپ لەدژی ئەوی دیکە دروستنەکات.

ک.س