ئەمڕۆ کاربەدەستانی ‘ئۆپەراسیۆنی پشتیوانیی توند’ سەربە ناتۆ، ڕایگەیاند: چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری “A-29″ی داوەتە هێزی ئاسمانی سوپای ئەفغانستان.
هەروەها ڕاشیانگەیاند: تا ئێستا ١٨ فڕۆکەی جەنگییان ڕادەستی سوپای نئەفغانستان کردووە و تا چەند مانگێکی دیکەش، شەش فڕۆکەی دیکە پێشکەشی سوپای ئەو وڵاتە دەکەن.
ئەسەدوڵا خالید سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان لە مەراسیمی وەرگرتنی فڕۆکەکان، ڕایگەیاند: ئەم کارە نیشانەی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی نێوان ئەفغانستان و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناتۆ، هێزەکانی ئەفغانستان توانای ئەوەیان هەیە بست بە بستی خاکی وڵاتەکەیان بپارێزن، لەئێستادا شەڕ زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاڵیبان لە دانوستانەکاندا هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بەڵام زیانەکانیان سێ ئەوەندە بەرزبووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، دانوستانەکانی ئەفغانستان و گروپی تاڵیبان، دەستپێکی ئەم هەفتەیە، لەژێر چاودێری ئەمریکا و بە میوانداریی قەتەر لە دۆحە دەستیپێکرد و هێشتاش بەردەوامە، بەڵام ناوەبەناوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان ڕوودەدات.
ب.ک