نانسی پیلۆسی دوای مارک ئیسپەر گەیشتە ئەفغانستان

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەگەڵ چەند نوێنەرێکی دیکە گەیشتە ئەفغانستان و لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان کۆبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر وەزیری بەرگری ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خۆی گەیاندە ئەو وڵاتە.


ئەمڕۆ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراودا گەیشتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەگەڵ ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.

لەم سەردانەدا، چەند نوێنەرێکی پایە بڵندی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش لەگەڵ پیلۆسی سەردانی ئەفغانستانیان کردووە، پیلۆسی هەروەها دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەشرەف غەنی، سەردانی هێزەکانی ئەمریکای کردووە.

هەر لەو سەردانەدا پیلۆسی لەگەڵ مارک ئیسپەر قسەیکردووە کە ئەویش دوێنێ لە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراودا خۆی گەیاندبووە ئەفغانستان.

بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ئاژانسە ئەمریکییەکان بڵاو بووەتەوە سەردانەکەی مارک ئیسپەر بۆ ئەفغانستان، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتییە لەگەڵ تاڵیبان.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕایگەیاندووە؛ تەوەری گفتوگۆکان، گەندەڵی، ئاسایش و هەوڵدان بۆ ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان دەبێت.

جێگای ئاماژەیە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا مانگی رابردوو، بە شێوەیەکی کوتوپڕ فەرمانێکی واژۆ کرد و گفتوگۆکانی ئاشتی و دیدارەکانی لەگەڵ تاڵیبان هەڵوەشاندەوە ئەوەش دوای نۆ مانگ لە دانوستان و ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک بوو، کە تەنها واژۆی ترامپی مابوو.

ک.س