شاری ناکازاکی ژاپۆن، یادی ٧٥مین ساڵیادی بۆردومانکردنی بە چەکی ئەتۆم کردەوە، کە لە لایەن ئەمریکاوە دژی بەکارهێنرا و بووە هۆی کوشتنی هەزاران کەس.
بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم کەنیسەی ئۆراکامی لە نزیک شوێنی تەقینەوە بەهێزەکەی ٩ی ئابی ١٩٤٥ لە باخچەی ئاشتی ناکازاکی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ژاپۆن و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیان، یادی بۆردوومانی شارەکە کرایەوە بە چەکی ئەتۆم کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە دژی ئەنجامدرا.
بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن ئەمریکاوە دژی شاری ناکازاکی، دوای سێ ڕۆژ هات لە بەکارهێنانی هەمان ئەو چەکە لە شاری هێرۆشیمای ژاپۆن کە بووە هۆی کوشتنی دەیان هەزار کەس، ئەوەش یەکەمجار بوو لە مێژووی جیهاندا چەکی ئەتۆم دژی مرۆڤ بەکاربهێنرێت.
بە ئێستاشەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لێبوردنی لە ژاپۆن نەکردووە لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا وەک یەکەم سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی هێرۆشیمای کرد و ڕێزی بۆ قوربانیانی ئەو هێرشە دانا.
لە هێرشەکەی ناکازاکیدا، فڕۆکەیەکی “بی ٢٩”ی ئەمریکی کە بە ئامانجی بۆردوومانکردنی لە دورگەی تینیان هاتبوو، بەهۆی نالەباربوونی کەشوهەوا بۆمبەکەی ئاراستەی ناکازاکی کرد، قورسایی بۆمبەکە ٥.٤ تۆن بوو، لە بەرزیی ٥٠٠ مەتر لە شارەکەدا تەقییەوە و بووەهۆی هۆی ئەوەی، ٧٣ هەزار ٨٨٤ کەس کوژران و ٧٤ هەزار و ٩٠٩ کەسیش برینداربوون.
س.ح