نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا ڕایگەیاند،”دۆسیەى کۆچبىەران زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێم، چونکە بەشێک لەو گەنجانەى دۆسیە پیشکەش دەکەن وتویانە، من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پەدەکە بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕ دژى پەکەکە”.
زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا بە دەنگى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە”دۆسیەى ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵەندا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵەندا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین هی وای هەیە دەڵێت، من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پەدەکە بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئازادیی لە کوردستان نییە و ژیانیان لە مەترسییدا بووە لەوێ بۆیە ناچاربوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن”.
هەرچەندە ئەوە وتەی خودی ئەو کۆچبەرانەیە، بەڵام نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم بە ناڕاست و چیرۆکی هەڵبەستراو ناوی دەبات.
زیاد ڕەئوف ئاماژەى بەوەشداوە:”ئێمە ئاگاداری دۆخی ئەو پەنابەرە کوردانەین، کە گەیشتوونەتە پۆڵەندا، بەڵام ئەوانەی لەو دیو سنوورەوەن ئاگاداری دۆخیان نین، چونکە سنوور داخراوە ئەگەر بمانەوێت بچینە لایانن ئەوا لە سنوور ڕێگە نادەن بەهۆى ئەوەى کراوەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەندراوە، تەنانەت ڕێگە بە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی و ڕۆژنامەنوسانییش نادەن بچنە ئەو شوێنە”.
لەبارەى ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى ئێستا لە وڵاتى پۆڵەندان، نوێنەرى هەرێم لەو وڵاتە باسیلەوەکردووە: “هیچ ئامارێکی فەرمیمان لەسەر ژمارەی تەواوی کۆچبەرە کوردەکان لانیە، تەنها ئەو ئامارانەمان لاهەیە، کە بەرپرسانی پۆڵەندا بڵاویدەکەنەوە و دەڵێن، هەزار و ٢٠٠ کۆچبەر لە پۆڵەندا هەن، کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و زۆربەیان کوردن، کە لەناو خاکی پۆڵەندان”.
زیاد ڕەئوف سەبارەت بە ئاماری ئەو کۆچبەرە کوردانەى، کە لە بیلاڕووسیان، وتی:”بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە و میدیاکانی پۆڵەنداش باسی دەکەن، سێ تا چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورن، کە زۆربەیان کوردن”.
بە چیرۆک ناوبردنی وتەی ئەو کۆچبەرانە لەکاتێکدایە، کە لە ماوەى ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لەلایەن هیزەکانى پەدەکەوە بەبیانووى جۆراو جۆر دەستگیرکران و بەشێک لەوانەش بۆ بە زیاتر لە ساڵێک و پێنج لەوانەش بۆ ماوەى شەش ساڵ و ڕۆژنامەنووسێک بە حەوت ساڵ زیندانیی سزادران و لە ئێستاشدا ژمارەیەکى زۆر لەو دەستگیرکراوانە لەناو زینداندان و کاتى دادگاییکردنیان ڕانەگەیەندراوە.
ئ.م